
یاریگا –
ئێنریکێ ریکیلمێ، بازرگانە ئیسپانییەکە بەرەو مەدرید گەشت دەکات بۆ بینینی تیمی کارەکەی و هەوڵدان بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەی بە کتوپڕی راگەیەندرا.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێیان دەکرد فلۆرێنتینۆ پێرێز جارێکی دیکە بێ کێبڕکێ ببێتەوە بە سەرۆک، گەنجێکی 37 ساڵان هەموو هاوکێشەکانی تێکدا.
ئینریکی ریکێلمێ، خاوەنی کۆمپانیای کۆکس، گەشتە بازرگانییەکانی لە مەکسیک و پەنەما بڕی و بەرەو مەدرید بەڕێکەوت، تەنیا بە یەک ئامانج: خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتی ریال مەدرید.

ریکێلمێ کە کوڕی یەکێک لە ئەندامانی پێشووی کارگێڕیی رامۆن کاڵدێرۆنە، زیاتر لە 20 ساڵە ئەندامی یانەکەیە و مەرجە یاساییەکانی تێدایە. هەرچەندە پێرێز بە راگەیاندنی کتوپڕی هەڵبژاردن ویستی بوار بە هیچ رکابەرێک نەدات، بەڵام ریکێلمێ خەریکی کۆکردنەوەی تیمەکەیەتی و ئامادەیە بارمتە داراییە 187 ملیۆن یۆرۆییەکە دابین بکات.
ئەم گەنجە ئیسپانییە کە کۆمپانیاکەی بە بڕی چوار ملیار یۆرۆ پڕۆژەی لە مەکسیک واژۆ کردووە، وەکوو دوایین هیوای ئەو هاندەرانە دەبینرێت کە دەیانەوێت کۆتایی بە سەردەمی پێرێز بهێنن.



