مێسی مافی ئەوەی هەیە زۆرترین مووچە لە پاریس وەربگرێت
یاریگا –
لیۆنێل مێسی مافی ئەوەی هەیە زۆرترین مووچە لە پاریس سانجێرمان وەربگرێت
کریستۆف دوگاری ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا پێی وایە، کە مێسی لە دانوستانەکانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان داوای مووچەیەکی یەکجار زۆری کردووە.
لە کاتێکدا داهاتووی لیۆنێل مێسی هێشتا نادیارە، ماوەیەکە زۆربەی هەواڵەکان لە بارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا بووە، گەشتەکەی ئەم دواییەی یاریزانەکە بۆ بارسێلۆنا ئەم دەنگۆیانەی بەهێزتر کرد.
ڕۆژنامەی لی پاریسییان بڵاویکردووەتەوە مێسی و بریکارەکەی لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان داوای زیادکردنی مووچەی بەرچاویان کردووە، ئەم داواکارییە تا ڕادەیەک زۆر بووە کە پاریس بە داواکارییەکی شێتانە وەسفی کردووە.
لەم بارەیەوە دوگاری بە ڕادیۆی مۆنتی کارلۆی ڕاگەیاند:
سەیر نییە بۆ من داوا کردنی مووچەیەکی زۆر لە مێسیەوە. جیرۆم رۆتن دەڵێت ئەم داواکارییە نادادپەروەرانەیە، بەڵام من لەگەڵیدا ناکۆکم، رۆتن پاریسی خۆشدەوێت و بە هەست و سۆزەوە بڕیار دەدات.
لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی:
مێسی باشترین وەرزی خۆی بەسەر بردووە و مۆندیالی لەگەڵ ئەرجەنتین بەدەستهێناوە، بەهای مافی وێنەکانی 10 هێندە زیادی کردووە و هێشتنەوەی بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئابووری یانەکەدایە، یاریزانەکەش ئەمە بە باشی دەزانێت.
دوگاری گوتیشی:
مێسی داوایەکی لەو شێوەیە لە بارسا ناکات، چونکە دۆخی دارایی ئەو یانەیە دەزانێت، ئامادەبوو مووچەکەی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی لە بارسا بمێنێتەوە، بەڵام لە پاریس هیچ هۆکارێک بۆ ئەمە نییە، یانەکەی دەناسێت و دەزانێت لەڕووی داراییەوە هیچ کێشەیەک نییە، تەنها پارە بۆ بەڕێوەبەرانی پاریس گرنگە کاتێک لایەنی دانوستانکار دەناسێت، بۆچی ئەو پارەیەی کە مافی خۆیەتی داوای نەکات؟ دڵنیام لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی یانەکاندا هەرگیز باسی تۆپی پێ نەکردووە ساڵانێکە تۆپی پێ لە دەوری پارە دەسوڕێتەوە.