ڕۆناڵدۆ خۆپەرستە، هەمووان لێی دەترسن
یاریگا –
دوای گەڕانەوەی لە یوڤێنتوسەوە بۆ مانچێستەر یونایتد لە هاوینی 2021، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ساڵێک و سێ مانگی پڕ لە ئاڵۆزی لە ئۆڵدترافۆرد بەسەر برد و دواجار چەند مانگێک لەمەوبەر شەیتانە سوورەکانی بەجێهێشت.
رۆناڵدۆ پاش گەڕانەوەی بۆ مانچێستەر لە وەرزی یەکەمی لە 54 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 27 گۆڵی کرد و دەدرەوشایەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا هەندێک پێیان وابوو بوونی ئەم یاریزانە لە پێکهاتەکەدا کاریگەری وێرانکەری هەبووە لەسەر تیپەکە و بووەتە هۆکاری پوکانەوەی ئاستی شەیتانە سوورەکان.
ئەستێرە دێرینە تەمەن 38 ساڵانییەکە ئێستا یاری بۆ یانەی نەسری سعودی دەکات، دوای ئەوەی لە مانگی نۆڤەمبەردا گرێبەستەکەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان هەڵوەشاندەوە.
لەو کاتەدا ڕۆناڵدۆ چاوپێکەوتنێکی توند و مشتومڕاوی لەگەڵ پیێرس مۆرگان ئەنجامدا و ڕەخنەی لە یانەکە و ئێریک تێن هاخ و هاوڕێکانی گرت، بەهۆی ئەم چاوپێکەوتنەش هیچ بژاردەیەکی بۆ نەمایەوە جگە لە ڕۆیشتن.
گۆڤاری ئەتلەتیک لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە شرۆڤەکارانی ڤیدیۆیی یارییەکانی مانچستەر یونایتد بۆیان دەرکەوتووە، کە هێرشبەرێک لە یاریگادا هەمیشە تۆپەکە بە تایبەتی بۆ ڕۆناڵدۆ دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ ئەو ئەستێرە پورتوگالییە بڕەخسێنێت کە گۆڵ بکات و بدرەوشێتەوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هاوڕێکانی ڕۆناڵدۆ لە یونایتد لەژێر کاریگەری کەسایەتیەکەیدا تووشی کێشە و ترس بوون، لە ماوەی ئامادەبوونی ئەم یاریزانە لە ئۆڵدترافۆرد نەیانتوانی هەموو تواناکانیان بخەنە ڕوو.
بەپێی قسەکانی ئەتلەتیک تەنانەت بوونی ڕۆناڵدۆ بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی یاریزانانی هێڵەکانی دیکەی یاریگا، یەکێک لەوانە هاری ماگوایەری بەرگریکاری تیپەکە بووە.
ڕۆناڵدۆ وەرزی ڕابردوو بە رالف رانگنیک راهێنەری کاتی یونایتدی ڕاگەیاندووە، ئەگەر هاری ماگوایەر لە تیپەکەدا نەبێت و لەسەر کورسی یەدەگ بێت، باشترە.
ئەم دەستێوەردانەی ڕۆناڵدۆ دەسەڵاتی ئەم بەرگریکارە ئینگلیزییەی وەک کاپتنی یونایتد لاواز کرد و لە تیپەکەدا خستیە دۆخێکی خراپەوە.
پێدەچێت ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی زۆربەی یاریزانانی مانچستەر یونایتد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە ڕۆشتنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دڵخۆش بوون و بێگومان ئەنجامەکانی تیپەکەش بە سەرپەرشتی ئێریک تێن هاخ لەم ماوەیەدا باشتر بوون.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامەکانی ڕۆناڵدۆ لە سعودیە زۆر باش نەبوون و ئەنجامە خراپەکانی ئەم یانەیە وایکردووە گرێبەستە گەورەکەی لەگەڵ نەسڕدا بە شکست خواردوو سەریربکرێت.