ئه‌ڵمانیائینگلتەراچامپیۆنزلیگ

تۆخێل: عاشقی ئاستی یانەكەم بووم

Yariga App

یاریگا –

تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بایرن میونشنی هەمان وڵات  خۆشخاڵی خۆی دەربڕی بە ئاستی یاریزانەكانی سەرەڕای دۆڕانەكەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی.

شەوی رابردوو مانچێستەر سیتی میوانداری بایرن میونشنی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانی یاری چوونی قۆناخی چارەكی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.

گۆڵەكانی یاریەكە لەلایەن رۆدری لە خولەكی 27 و بێرناردۆ سێلڤا لە خولەكی 70 و ئێرلینگ هالاند لە خولەكی 76 تۆمار كران.

لە دوای یاریەكە تۆخێل گووتی: ئێمە دەبێت ئەنجامەكە قبوڵ بكەین، كاتێك باشتر بووین سزادراین، تەنیا لەسەر كات وەستا بوو تا گۆڵی یەكەم بكەین، بەڵام چانسیان هەبوو لە نیو هەلەوە گۆڵیان تۆمار كرد.

دەربارەی هەڵەكەی ئۆپامیكانۆ تۆخێل گووتی: دەبوو بۆ گۆڵپارێز یاری بكات، خۆیشی ئەوە دەزانێت، بەلام ئەوە دوا هەڵەی ژیانی وەرزشی نابێت، بەهۆی ئەنجامەكەوە هەست بە دڵتەنگی دەكەین، تا خولەكی 70 ئاستێكی زۆر باشم لە یانەكەم بینی، پێموایە ئێمە شایەنی زیاتر بووین.

راهێنەرە ئەڵمانیەكە گووتیشی: رەتیدەكەمەوە رەخنە لە ئاستی تیپەكەم بگرم، ئاستێكی زۆر باشم بینی و زۆر لە تیپەكەم رازیم.

لە كۆتایشدا گووتی: ئەمڕۆ عاشقی یانەكەم بووم، بەرەنگاری بووینەوە و بەهێزتر بووین ، بەڕاستی ئاستی یاریزانەكانم بە دڵ بوو، پێموایە بە لایەنی كەمەوە شایستەی گۆڵێك بووین.

هەفتەی داهاتوو لە یاریگای بایرن میونشن یاری گەڕانەوە لە نێوان هەردوو یانەدا ئەنجام دەدرێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button