پشووی ئاوخواردنەوە لە مۆندیال بۆ پارە نییە؛ ئینفانتینۆ وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە
"دەمانەوێت هەلومەرج بۆ هەموو راهێنەرەکان یەکسان بێت، نەک پارە پەیدا بکەین"

یاریگا –
لەگەڵ بەردەوامیی یارییەکانی مۆندیالی 2026، یاسای تەرخانکردنی سێ خولەک لە هەردوو نیوەی یارییەکاندا بۆ پشووی ئاوخواردنەوە، بووەتە جێگەی مشتومڕێکی گەورە.
هاندەران لە نێو یاریگاکاندا بە فیکە و هوتاف ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن، وەکوو ئەوەی لە یارییەکەی ئینگلتەرا و غانا بینرا. لەم نێوەندەشدا جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە فیفا ئەم کارە بۆ کۆکردنەوەی پارە دەکات.
کێشەکە لە کوێدایە؟
زۆرێک لە چاودێران و هاندەران پێیان وایە ئەم پشووە ناچارییە بۆ تەندرووستیی یاریزانان نییە، بەڵکوو بۆ پەیداکردنی پارەیە لە رێگەی ریکلامی تەلەڤیزیۆنییەوە، هەرچەندە کەناڵەکانی وەکوو ITVـی بەریتانی لە کاتی پشووەکەدا ریکلام پەخش ناکەن، بەڵام کەناڵی Foxـی ئەمریکی لە هەموو پشوویەکدا یارییەکە دەبڕێت و ریکلام پەخش دەکات.
شارەزایانی ئابووریی وەرزشی پێشبینی دەکەن کە تەنیا لە ئەمریکا، پەخشکردنی ریکلام لە کاتی ئەم پشووانەدا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار قازانج دەهێنێت.
لە یاریی کردنەوەی مۆندیالدا، بێژەری کەناڵی فۆکس بەڕوونی گوتی؛ ئەم پشووی ئاوخواردنەوەیە لەلایەن پاوەرئەید [Powerade]ـەوە سپۆنسەر کراوە، کە خواردنەوەیەکی وزەبەخشە و هاوبەشی فەرمیی فیفایە.

رەخنە و پشتگیرییەکان
ئەم بڕیارە لەلایەن فیفاوە بەسەر سەرجەم یارییەکاندا سەپێنراوە، تەنانەت لەو یاریگایانەش کە سیستەمی فێنککەرەوەیان تێدایە. تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئینگلتەرا یەکێکە لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی ئەم بڕیارە، هەروەها ماوریسیۆ پۆچێتێنیۆ، لیۆنێل سکالۆنیش رەخنەیان لەو یاسایە گرتووە، بەڵام لەبەرامبەردا راهێنەرانی وەکوو دیدیێ دیشامپ و کارلۆ ئانچیلۆتی پشتگیری لێ دەکەن.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، رایگەیاندووە کە لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوویاندا ئەم یاسا ناچارییە پەیڕەو ناکەن.
وەڵامەکەی جیانی ئینفانتینۆ
لە وەڵامی ئەم تۆمەتانەدا، ئینفانتینۆ بە توندی بەرگری لە بڕیارەکەی فیفا کرد.
هیچ داهاتێکی زیادە بۆ فیفا نایەت، چونکە هەموو گرێبەستە بازرگانییەکان زۆر پێش ئێستا واژۆ کراون. ئەمە بەلای ئێمەوە پرسێکی دارایی نییە، بەڵکوو تەواو بابەتێکی وەرزشییە.
سەرۆکی فیفا پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە هۆکاری سەرەکی گەرمایە، بەڵام خاڵێکی تریشی ڕوونکردەوە:
دەبێت تێبگەین کە مۆندیال 39 رۆژ دەخایەنێت و رەنگە تیپێک لەو ماوەیەدا 8 یاری بکات، بۆیە پێدانی کاتێک بۆ پشوودان زۆر گرنگە. ئەوەی لەوەش گرنگترە بۆ ئێمە؛ دابینکردنی هەلومەرجی یەکسانە بۆ هەموو تیپەکان. قورسە قبووڵی بکەین کە راهێنەرێک بەهۆی گەرماوە پشوویەکی دەستبکەوێت بۆ رێنماییکردنی یاریزانەکانی، بەڵام لە یارییەکی دیکە کە کەشوهەواکەی ساردترە، راهێنەرەکەی دیکە ئەو هەلەی نەبێت. ئێمە دەمانەوێت هەلومەرجەکە بۆ هەمووان یەکسان بێت.



