هالاند ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد
یاریگا –
ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد.
شەوی رابردوو لە یاری چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر بە بایرن میونشن تۆمارکرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
هالاند لە خولەکی 76ـی یارییەکە سێیەم گۆڵی تیپەکەی کرد، ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولەکە گەیاندە 11 گۆڵ و پێشەنگی گۆڵکارانی گرتووە.
بە کردنی ئەم گۆڵەش ڤایکینگەکەی سیتیزن ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد، بوو بە یەکەم یاریزانی پرێمەرلیگ لە مێژوودا، لە وەرزێکدا 45 گۆڵ بکات لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا.
جیا لەوەش گۆڵکارە 22 ساڵانییەکە تا ئێستا لە 26 یاریدا 34 گۆڵی کردووە لە چامپیۆنزلیگ، کە خێراترین یاریزانە بە کەمترین یاری بگات بەم ژمارە گۆڵە.
بەهۆی کەمی تەمەنیشی دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستە لە ساڵانی داهاتوو ببێت بە گۆڵکاری مێژووی خولەکە و ریکۆردە مێژووییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بشکێنێت، کە خاوەنی 140 گۆڵە.