یاریگا –
یانەی پاریس سانجێرمان لە ئەگەری بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە، بە شێوەیەکی خۆکارانە گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ تاوەکو 2025 نوێدەکاتەوە.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، لە هاوینی رابردوودا، ئێمباپێ گرێبەستەکەی تاوەکو 2024 لەگەڵ یانە پاریسییەکە نوێکردەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە چوونی بۆ ریال مەدرید بکات.
بەگوێرەی رۆژنامە فەرەنسییەکە بێت، لە ماوەی رابردوودا ریال مەدرید بەردەوام چاودێری دۆخی ئێمباپێی کردووە، بەڵام پاریس بیری لەمەش کردووەتەوە و لە بەندێکی گرێبەستەکەیدا هاتووە، ئەگەر پاریس سانجێرمان نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، ئەوا بە شێوەیەکی خۆکارانە گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 نوێدەکرێتەوە، ئەگەر نازناوەکەشی بەدەستنەهێنا، ئەوا درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی پێویستی بە رەزامەندی یاریزانە فەرەنسییەکەیە و لە بەرامبەر بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ وەک شیرینی وەردەگرێت.
لە نێو یانە پاریسییەکەدا ئەوە یەکلاییبووەتەوە، لە هاوینی داهاتوودا تەواوی ئۆفەرەکان رەتدەکەنەوە، هەرچەند ژمارەکان گەورەش بن، چونکە سەرۆکایەتی یانە بڕیاریداوە، تاوەکو تەواوبوونی گرێبەستەکەی، پارێزگاری لە ئێمباپێ بکەن.