گالتیێ ئامادەنەبوونی ئەستێرەیەكی بۆ یارییەكەی بەرامبەر بایرن راگەیاند
یاریگا
كریستۆڤ گالتیێ راهێنەری فەڕەنسی یانەی پاریس سان جێرمانی هەمان وڵات ئامادەنەبوونی نێیمار دا سێلڤا ئەستێرەی یانەكەی بۆ یارییەكەیان بەرامبەر بایرن میونشن راگەیاند.
وا بڕیارە رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 23:00 بایرن میونشن لە یاریگای ئالیانز ئەرینای تایبەت بە خۆی میوانداری پاریس سان جێرمان بكات لە میانەی یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.
یاری چوون لە یاریگای باخچەی شازادەكان بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی بایرن كۆتایی هات.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر نانت گالتێ گووتی:
نێیمار بۆ دوو یاری داهاتوو ناتوانێت لەگەڵمان ئامادە بێت، ئەو یەكێكە لە باشترین گۆڵكار و گۆڵدروستكارەكان ئامادەنەبوونیشی لەدەستدانێكی گەورەیە.
نێیمار لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا بەشداری لە شەش یاریدا كردووە و توانیویەتی دوو گۆڵ تۆمار بكات و دوو گۆڵیش درووست بكات.