هەر یاری ناکات؛ سەرۆکی بەرازیل گاڵتە بە نێیمار دەکات
"یەکەم یاریزانە کە داوای لێکرابێت لە ماڵەوە کار بکات"

یاریگا –
لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، جارێکی دیکە نێیماری کردووەتە ئامانج، ئەمەش کێبڕکێیەکی سیاسی زیندوو دەکاتەوە کە مێژووەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی بەرازیل لە ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە.
لولا هەرگیز بە تەواوی لە نێیمار خۆش نەبووە بەهۆی پشتگیریکردنی ئاشکرای بۆ رکابەرە سیاسییەکەی، جایر بۆڵسۆنارۆ، لە ماوەی ئەو کەمپینی هەڵبژاردنەدا. بۆڵسۆنارۆ لە کۆتاییدا لە بەرامبەر لولادا دۆڕا، بەڵام هەڵوێستی یاریزانەکە وەکوو خاڵێکی گرژی لەنێوانیاندا ماوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی نێیمار بەهۆی پێکانێکی ماسوولکەییەوە هێشتا لە مۆندیالی 2026 یاریی نەکردووە، بەگوێرەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، لولا لە بۆنەیەکی گشتیدا گاڵتەیەکی پێکردووە و گوتوویەتی:
ئەو تەنانەت یارییش ناکات! نێیمار یەکەم یاریزانە کە داوای لێکرابێت لە ماڵەوە کار بکات.
ئەم لێدوانە بە شێوەیەکی بەربڵاو وەکوو توانجێک لە ئەستێرەکەی بەرازیل لێکدرایەوە.

نێیمار بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەهۆی کێشەی ماسوولکەی قاچییەوە دوورخراوەتەوە و هەردوو یاریی یەکسانبوونەکەی بەرازیل بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ مەغریب و بردنەوەی 3-0ـی بەرامبەر هایتی لەدەستداوە.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری بەرازیل دوای یارییەکەی هایتی رایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت نێیمار رۆژی دووشەممە بگەڕێتەوە بۆ راهێنانە بەکۆمەڵەکان و دەکرێت لە بەرامبەر سکۆتلەندا لە کۆتا یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی بەرازیلدا بەشداربێت.
ئەم دۆخە رەنگە دوای ئەو پێکانە سەختەی کە تووشی رافینیا بوو گرنگیی زیاتر بەدەستبهێنێت، چونکە دەکرێت دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەی نێیمار بۆ پێکهاتەی سەرەکی بکاتەوە، ئەگەر لە رووی جەستەیییەوە بیسەلمێنێت کە تەواو ئامادەیە.



