یاریگا-
بڕیارە ئەمڕۆ گەڕێکی تر لە خولی نایابی عێڕاق بۆ تۆپی پێ دەست پێبکات و هەرسێ یانەکە کوردیەکەش سبەی یارییەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن.
لە گەڕی بیست و چوارەمی خولی نایابی عێڕاق، یانەی نەورۆز نوێنەرەکەی شاری سلێمانی لە سەر یاریگای زانکۆ میوانداری یانەی سەناعە دەکات کاتژمێر 2:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆ، نەورۆز بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکەی گەڕی ڕابردووی بەرامبەر یانەی قوەی جەوی و دوور کەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین بۆ سەرکەوتن یاری دەکات و تەنها سێ خاڵ لە یانەی سەناعەوە دوورە، نەورۆز بە 23 خاڵ لە پلەی شازدەم و سەناعە بە 26 خاڵ لە پلەی یازدەمی خولەکە دێن.
لە یاری لووتکەی ئەم گەڕەشدا لە کاتژمێر 1:30 خولەک، یانەی زاخۆ لە سەر یاریگای تایبەت بە خۆی ڕووبەڕووی یانەی شوڕتەی پێشەنگ دەبێتەوە، ئەم یاریە گرینگی تایبەتی هەیە و زاخۆ دەیەوێ تامی یەکەم شکست لە خولەکە بە یانەی شوڕتە بچێژێت، بۆ ئەم مەبەستەش دوێنێ پارێزگاری دهۆك داوایەکی ئاڕاستەی هاندەرانی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆ کرد کە تیایدا داوایکرد جەماوەری هەر دوویانە لە یاریگا ئامادەبن و هانی یانەی زاخۆ بدەن تاوەکو جارێکی تر یانەکە بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتنەکانی، زاخۆ بە 35 خاڵ لە پلەی حەفتەم دایە و هەرچی یانەی شوڕتە یە تا ئێستا بەبێ ڕکابەر و بێ شکست لە سەرووی ڕیزبەندی خولەکە دێت بە 63 خاڵ.
لە یاریەکی تردا و لە سەریاریگای فرانسۆهەریری کاتژمێر 6ـی ئێوارە یانەی هەولێر میوانداری یانەی دیوانیە دەکات، هەولێر بەسەر کردایەتی نزار مەحروس سێ یاریە لە دوای یەک سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە و دەیەوێت لە ڕێگای دیوانیەوە دووبارە بگەڕێتەوە سەر بردنەوەکانی، بەم دوایەش دوای گۆڕینی دەستەی کارگێڕی یانەکە هەوادارێکی زۆر ڕوویان لە یاریگا کردۆتەوە و یانەکەی پایتەختی کوردستان نایانەوێ جارێکی تر هاندەر لە دەست بدەنەوە، هەرچی یانەی دیوانییە تەنیا مەبەستی ڕزگار بوونە لە ناوچەی دابەزین کە ئێستا یانەکە لە پلەی هەژدەیەم دێت بە 17 خاڵ و یانەی هەولێریش لە پلەی سێزدە دێت بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ.
بڕیاریشە ئەمساڵ چوار یانە دابەزێت بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق و تەنها دوو یانە بۆ ڕیزی یانە نایابەکان سەربکەون،وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێڕاق بە بەشداری هەژدە یانە دەبێت.