ئەو یانەیەی داوای ئۆمتیتی دەکات خەریکە لە چامپیۆنزلیگ بێ بەش دەبێت
یاریگا–
ساموئێل ئۆمتیتی، بەرگریکاری فەرەنسی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا ئەم هاوینە بەهۆی مووچە زۆرەکەی بووەتە گەورەترین کێشە و یانەکەشی هەموو هەوڵێک دەدات ئەو یاریزانە پێشکەشی یانەیەکی دیکە بکات.
رۆژنامەی وەرزشی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، بەم دواییە یانەی مۆناکۆی فەرەنسا رازی بووە بەرگریکارەکەی بلاوگرانا بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە، ئەو یاریزانەش تەنها لەو کاتە ئامادەیە یانەکەی جێبێڵێت، ئەو یانەیەی پەیوەندی پێوە دەکات وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بێت، کەچی ئێستا نەهامتیەک رووی لە یانە کەتەلۆنیەکە کردووە، ئەویش ئەوەیە یانە فەرەنسیەکەی کە داوای بەرگریکارەکەیان دەکات، لە یاری چوونی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ تووشی دۆڕان بووە و خەریکە ئەم هەلە لەدەست بدات.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەگەر بێتو ئەو یانەیە وەرزی داهاتوو بەشداری چامپیۆنزلیگ نەکات، ئەوا ئەستەمە یانەیەکی دیکە بۆ گواستنەوەی ئۆمتیتی بدۆزرێتەوە.