مانچینی باس لە بەشداری پێكردنی ڤێراتی دەكات بەرامبەر وێڵز
یاریگا-
ڕۆبەرتۆ مانچینی ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دووپاتیكردەوە كە گۆڕانكاری دەكات لە پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی بەرامبەر وێڵز.
سبەینێ یەكشەممە كاتژمێر 19:00 بە كاتی كوردستان لە كۆتا یاری قۆناغی كۆمەڵەكان ئیتاڵیا ڕووبەڕووی وێڵز دەبێتەوە.
مانچینی لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە یاریەكەیان بەرامبەر وێڵز ووتی: داوا لە یاریزانەكانم دەكەم بە هەمان شێوەی خۆیان یاری بكەن ، دەمەوێت بیبەینەوە و بە پێشەنگی كۆمەلەكە خۆمان بگەیەنینە قۆناغی داهاتوو.
هەروەها ووتیشی: ئەمە سێیەم یاریمانە لە ماوەی 10 ڕۆژدا ، هەندێك لە یاریزانەكان ماندوون ، لەو باوەڕەدام ئێستا تاكە دەرفەتە بۆ ئەوەی سیستەمی بە نۆرە پەیڕەو بكەین لە نێوان یاریزانەكاندا.
سەبارەت بە بەشداریپێكردنی ڤێراتی ڕاهێنەرەكەی ئازۆری ووتی: ئەو بە ڕێژەی %100ئامادە نیە ، بەڵام دەتوانێت بە توانا تاكە كەسیەكانی هاوكاریمان بكات و خۆی بسەلمێنێت ، سبەینێ بڕیار دەدەین كە ئایا بەشداری دەكات یان لەسەر كورسی یەدەگ دەبێت.
شایەنی باسە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە كۆكردنەوەی شەش خاڵ لە پێشەنگی كۆمەڵەی یەكەم دێت و توانی وەك یەكەم هەڵبژاردە خۆی بگەیەنێتە قۆناغی داهاتووی جامی نەتەوەكانی ئەوروپای 2020.