بارسێلۆنا گواستنەوەی یاریزانێکی هۆڵەندی رەتدەکاتەوە
یاریگا–
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا دوای شکست هێنانیان لە گواستنەوەی ڤایناڵدۆ ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لە هەوڵی ئەوەدان بە زوترین کات یاریزانێکی دیکە بۆ ئەم پۆستە بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی زانیاری دەستکەوتووە کە ڤان دێ بیک ناوەڕاستکاری هۆڵەندی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی بە شێوەی خواستن وەرزی داهاتوو یاری بۆ بلاوگرانا بکات، بەڵام ئەو یانەیە داواکەی ئەو یاریزانەی رەتکردووەتەوە، چونکە ئەوان ناوەڕاستکارێکیان دەوێت کە زیاتر یارمەتی بەرگریکارەکان بدات.
ئێستا یەکێک لە ئامانجەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەم پۆستە، بێرناردۆ سیلڤا ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیە، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لەم یانەیە ئاشکرایان کردووە یانەکە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو یاریزانەیان نابن.