یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێڕاق دەگەڕێنەوە یانەکانیان و مەشقی هەڵبژاردەکە جێدەهێڵن
یاریگا-
دوای ئەوەی لێژنەی پێشبڕکێکان لە دەستەی کاتی بەڕێوەبردنی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بڕیاریدا سەرەتای مانگی داهاتوو قۆناغی هەشتی جامی عێڕاق بەڕێوەبچێت، هەردوو یانەی شوڕتە و قوەی جەوی بڕیاریاندا کەوا یاریزانەکانیان بانگهێشت بکەنەوە کە ئێستا لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاقن و لەشاری بەسڕا خەریکی ئۆردوگای مەشقین بۆ خۆئامادەکردن بۆ یاریەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی.
کارگێڕانی هەردوو یانەش دەڵێن یان یاری جامی عێڕاقمان بۆ دوابخەن، یاخود ئێمە یاریزانەکانمان دەگەڕێنینەوە و 72 کاتژمێر بەرلەیاری هەڵبژاردەکە مافی خۆیان دەبێت پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێڕاقەوەبکەن.
لەلایەکی ترەوە یاریزانانی هەردوو یانەی قوەی جەوی و شوڕتە کە بەشێکی زۆرن لە هەڵبژاردەی عێڕاق، دەڵێن ناگەڕێینەوە یانەکانمان و هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەرکی لەسەر ئێمەیە و دەبێ خزمەتی بکەین، با یانەکانمان لە ڕووی دارایی یەوە سزامان بدات.
بڕیاریشە ئەمڕۆ ئێوارە عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێڕاق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە وتو وێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندی دارەکان بکات.