فه‌ره‌نساگرنگترین

ئەمە خەونێکە؛ زیدان دەڵێت دوای ریال مەدرید چەندین ئۆفەری پێ گەیشتووە بەڵام لەپێناو فەڕەنسا رەتی کردوونەتەوە

"دەمەوێت دووبارە ببمەوە سەرکردە"

Yariga App

یاریگا –

زینەدین زیدان وەکوو راهێنەری فەڕەنسا دەستنیشان کرا و دوای ئەوەی دەستنیشانکردنەکەی بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە دەڵێت؛ ئەمە خەونێکە هاتەدی.

دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی، زینەدین زیدان بە فەرمی ئەرکی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەڕەنسای گرتە دەست، وەکوو شوێنگرەوەی دیدیێ دیشام. راگەیاندنەکە رۆژی سێشەممە لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لە بارەگای سەرەکیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا (FFF) کرا، لەدوای ئەوەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەڕێوە چوو.

زیدان بە سوپاسکردنی فەرمانبەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا دەستی پێ کرد و گوتی:

ئەوە بەردەوامییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان خەونێکە. لە ماوەی چوار یان پێنج ساڵی رابردوودا لەو کاتەوەی کارکردنم لە راهێنەرایەتیدا وەستاندووە، ئۆفەرم پێ گەیشت بۆ گەڕانەوە بۆ راهێنەرایەتی یانەکان. هەموو ئەوانەم رەت کردەوە لەبەر هەڵبژاردەی فەڕەنسا، چونکە ئەوە تاکە کار بوو کە دوای ئەزموونم لە ریال مەدرید دەمویست. من لە منداڵییەوە ئەم تیمەم دەناسی، لە ئاستی لاوانەوە دەستم پێ کرد و لە هەموو قۆناخێکەوە بەرەو پێشەوە چووم تاوەکوو گەیشتمە تیمی یەکەم، کە بەرزترین ئاستە. تاکە شتێک کە پاڵنەرمە بریتییە لەوەی بتوانیت لەگەڵ ئەم تیمە کار بکەم و یارمەتیی بدەم لە بردنەوە بەردەوام بێت.

زیدان هاوكات رێزی لە دیدیێ دیشام گرت و گوتی:

دی دی، پیرۆزباییت لێ دەکەم بۆ هەموو ئەوانەی کە کردووتن، ئەمە دەرفەتێکە بۆ من تاوەکوو پیرۆزباییت لێ بکەم. بەشێکی نوێ لەگەڵ دەستەیەک لە راهێنەرانی نوێ دەکرێتەوە، هەموو وزەی خۆم دەخەمە خزمەتی ئەم تیمەوە، زۆر بەپەرۆشم تاوەکوو دەست پێ بکەم.

لە درێژەی قسەکانی لەبارەی دڵخۆشی خۆی، زیدان گوتی:

ئەمە خۆشییەکی بێئەندازەیە، من دڵخۆشم بەوەی ئەمڕۆ بەسەرمدا دێت. هەستەکانی خۆم کۆنتڕۆڵ دەکەم، بەڵام چەندین هەستی جیاوازم لە ناخەوە هەیە. ئامادەم بۆ ئاڵەنگارییەکە، ئەمە پاڵنەرمە.

کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا ئەمە مەزنترین رۆژی کاروانی راهێنەرایەتییەتی، زیدان لە وەڵامدا گوتی:

بەڵێ، بەم زووانە شێوازی من دەبینن، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی داهاتوومدا روونی دەکەمەوە، ئەوەی پاڵنەرمە یارییەکەیە. من یاریزانی ژمارە 10 بووم و ئەوەی ئیلهامم پێ دەبەخشێت گۆڵکردن و تۆپی پێیەکی سەرنجڕاکێشە. 25 ساڵم لە ئیسپانیا بەسەر برد، ئێوە دەزانن ئەوە بە مانای چی دێت. لەنێو یاریگا من سەرکردە بووم، ئەمڕۆ دەمەوێت لە رێگەی ئەزموونم و ئەوەی وەکوو راهێنەر باوەڕم پێیەتی، ببمە سەرکردە. هێدی هێدی ئەوە دەبینن.

لە قسەکردن دەربارەی کیلیان ئێمباپێ، زیدان گوتی:

چوار یان پێنج ساڵی رابردووم بە چاوەڕوانیکردنی ئەم رۆژە بەسەر برد، پڕم لە پەرۆشی و دڵخۆشم بەم دەستنیشانکردنە، سەرەڕای ئەوەی لە هەمان کاتدا شتی سەخت بۆ هەندێک کەس روو دەدەن. ئێمە هێشتا قسەمان لەگەڵ کیلیاندا نەکردووە، گرنگترین شت بۆ ئەو پشوودانە دوای وەرزێکی لەو جۆرە درێژخایەن. لە ئەیلوولدا دەرفەتمان دەبێت تاوەکوو لەگەڵ ئەو و یاریزانەکانی دیکە قسە بکەین. کوالێتیی پێویستم لە بەردەستدایە، تیمێکی ناوازە. پرۆژەی یاریکردنی خۆمیان بۆ روون دەکەمەوە.

زیدان لە درێژەی قسەکانی گوتی:

من هەمیشە وەکوو پاڵپشتیکارێک، بەڵام هاوكات وەکوو راهێنەرێکیش سەیری ئەم تیمەم کردووە، بۆیە راهێنەرایەتیی یانەیەکی دیکەم وەرنەگرتووە. لە رۆژی دوای بڕیارەکەی دیدیێ دیشام لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، ئارەزووی بوون بە راهێنەری داهاتوو پاڵنەرم بوو، رێککەوتنەکە یەکلایی بووەوە هەر کە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆکدا کرد.

ئیسپانیا تیمێکی سەختە، بەڵام ئەوان لەپێشینە نین

تەنیا ئەو ئاڵنگارییە نابێت، ئیسپانیا تیمێکی سەختە، بەڵام ئەوان لەپێشینە نین. پێشینەی کارەکانی من تورکیایە بۆ یەکەم یارییم، سێ هەفتەم لەگەڵ یاریزانەکاندا دەبێت لە ئەیلوولدا، کە ئەوە سەرنجڕاکێشە، بوونی ئەو هەموو کاتە بۆ ئامادەکاری لەگەڵیان تاوەکوو رادەیەک شتێکی تازەیە.

سوپاسگوزارییەک بۆ خەڵکی مارسیلیا

دەمەوێت سوپاسی خەڵکی مارسیلیا بکەم، ئەوان هەمیشە بۆ من ئامادە بوون و هەركاتێک دەگەڕێمەوە بۆ ناوچەکە، دەتوانم هەست بە پەرۆشییان بکەم. دەمەوێت بەردەوام بە خەونەکانیان شاد بکەم.

هیچ تەڵەیەک نییە

هیچ تەڵەیەک نییە، راهێنەرایەتیکردنی تیمێکی نیشتمانی کارێکی بە تەواوی جیاوازە لە راهێنەرایەتیکردنی یانەیەک، ئەمە نامترسێنێت، چونکە ئەو شتەیە کە هەمیشە ویستوومە بیکەم، هاوسەنگییەکی باشم دەبێت لەنێوان ژیانی کەسیی خۆم و هەڵبژاردەی فەڕەنسا و بە تەواوی لەگەڵمدا دەگونجێت. رۆڵێکی جیاوازە و هیچ نیگەرانییەکم دەربارەی نییە.

زیدان لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەیلوول دەکات

من لە ئێستاوە چوار یاریی داهاتووم لە مێشکمدا دیاری کردووە، ئیتالیا تایبەتە چونکە لەوێ یارییم کردووە، ناسیاوی زۆرم لەوێ هەیە، بە ئیتالی قسە دەکەم. ماوەیەکە کار دەکەم تاوەکوو ئامادەکاری بۆ ئەو یارییانە بکەم.

زیزۆ، زیزۆیە

کاروانەکە و ئەو تۆپی پێیەی تیمی فەڕەنسا کردی، ناوازە بوو. من لەوێ بووم و وەکوو هەر هاندەرێکی دیکە چێژم لێ بینی، هیچ شتێک نییە بۆ رەخنەگرتن لەوەی روویدا. ئێمە شتەکان بە شێوازێکی جیاواز دەکەین، بە دڵنیاییییەوە. دیشام، دیشامە. لۆران بلان، لۆران بلان بوو. زیزۆ، زیزۆیە. هەوڵ دەدەم ئەوە بکەم کە دەزانم چۆن بیکەم، هیچ پچڕانێکی تەواوەتی لەگەڵ پێشوودا نییە. دەمەوێت بەردەوام بم لەسەر ئەو کارەی کە کراوە تاوەکوو فەڕەنسا بەردەوام بێت لە بردنەوە.

پلانمان نییە قسە لەگەڵ دیشام بکەین

پلانمان نییە قسە لەگەڵ دیشام بکەین، هەرچەندە دڵخۆش دەبم بەوە. دەزانم یاریی بەرامبەر ئیسپانیا سەخت بوو، هەموومان دەمانویست بردنەوەی فەڕەنسا ببینین، بەڵام دەکرێت دۆڕان روو بدات. ئەو رۆژەی رووبەڕووی جۆرە دۆخێکی لەو شێوەیە دەبمەوە، بەو شێوازەی کە باوەڕم هەیە راستە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم.

ئادیداس دەستوەردان ناکات

ئادیداس دەستوەردان لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا ناکات، من ئەو سپۆنسەرە جێناهێڵم کە لە 30 ساڵی رابردوودا هەمبووە.

سەرۆکی FFF ئاماژەی بەوە کرد کە زیدان ئازاد دەبێت لە هەڵبژاردنی پێڵاوەکانی، لە کاتێکدا تەواوی پۆشاکی مەشق و یارییەکانی لەلایەن نایکییەوە دابین دەکرێت. ئەم بابەتە بەهۆی ئەوەوە دروست بوو کە سپۆنسەری کەسیی زیدان کۆمپانیای ئادیداسە، بەڵام سپۆنسەری سەرەکیی هەڵبژاردەی فەڕەنسا کۆمپانیای نایکییە، کە یەکێکە لە رکابەرە سەرسەختەکانی ئادیداس لە بازاڕدا.

لە هەمان ئەو شتە دەچێت کە لە ریال مەدرید کردم

هاوشێوەی ئەوەیە کە لە ریال مەدرید کردم، هەڵبژاردەی فەڕەنسا هەنگاوی داهاتووە لە کاروانی مندا. دەستەی سەرەکیی راهێنەرانم لە ئێستاوە دیاریکراوە، نزیکەی هەمان ئەو کۆمەڵەیەیە کە لە ریال مەدرید هەمبوو، بە دوو یان سێ زیادکراوەوە. من کەسێکی وەفادارم و ئەوانیش بە هەمان شێوە بەرامبەر من وەفادار بوون.

لە گەڕەکێکدا گەورە بووم کە شوێن بۆ هەمووان هەبوو

کاتێک بابەتەکە دەگاتە رەگەزپەرستی، دەکرێت نەتوانین هەموو شتێک بگۆڕین، بەڵام ئێمە لە وڵاتێکی سەرسوڕهێنەردا دەژین کە جیاوازیی گەورەی تێدایە. من لە گەڕەکێکدا گەورە بووم کە شوێن بۆ هەمووان هەبوو، ئەوە ژیانی من بووە کە توانای دروستکردنی پەیوەندیم لەگەڵ هەمووان هەبێت. پێویستە بەردەوام بین لە دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی و ئەو شتەیە کە هەوڵی بۆ دەدەین.

ماوەی پێنج ساڵ بێ هیچ کارێک دانەنیشتووم

بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بێ هیچ کارێک دانەنیشتووم، زیاتر لەوەی لە کاتی راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدریددا سەیرم دەکرد، سەیری تۆپی پێم کردووە، سەیری ژمارەیەکی بێئەندازە لە یارییەکانم کردووە، بە وردی چاودێریی هەڵبژاردەی فەڕەنسام کردووە و پێم وایە ئەم پێکهاتەیە توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button