
یاریگا –
رێککەوتنی محەمەد سەڵاح و بێشکتاش بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی جارێکی دیکە کێشەی تێکەوت.
هەوڵەکانی بێشکتاش بۆ گواستنەوەی سەڵاح تووشی کێشە بووە. دانوستانەکان سەبارەت بە گواستنەوەی ئەستێرە میسرییەکە لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتبووە قۆناخێکی پێشکەوتوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی وەستاوە. یانە تورکیەکە دەیەوێت یاریزانە میسرییەکە دوای تەواو بوونی وادەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول بێبەرامبەر بگوازێتەوە. گفتوگۆکانیش دوای ئەوەی بێشکتاش ئۆفەرەکەی بۆ دوو ساڵ زیادکرد، ئەرێنی بوون.
میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە ئۆفەرە نوێیەکەی بێشیکتاش 15 ملیۆن یۆرۆیە لە ساڵێکدا. بەڵام دواتر دانوستانەکان بەهۆی داواکارییەکانی بریکاری یاریزانەکە، رامی عەباسەوە، تووشی کێشە بوون. رۆژنامەنووسی تورکیا ئۆزگون شاهینئۆغڵو دووپاتیکردەوە کە دانوستاندنەکان جارێکی دیکە ئاڵۆز بووە. روونیشی کردەوە، تێچووی زیادەی ئەو بڕگانەی کە عەباس داوای دەکات، بەتایبەتی مافی وێنە و رێژەیەکی فرۆشی درێس، نزیکەی یەکسان دەبێت بە خودی مووچەی یاریزانەکە.
شاهینئۆغڵو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی نوێ لە نێوان بریکاری سەڵاح و دەستەی بەڕێوەبەری بێشکتاشدا بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازیەکان بدەن. لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی تودەی تورکی بڵاویکردووەتەوە، دەستەی کارگێڕی بێشکتاش 24 کاتژمێر مۆڵەتی بە سەڵاح داوە بۆ وەڵامدانەوەی ئۆفەری کۆتایی خۆیان، کە ئەگەری هەیە کۆی داهاتی ساڵانەی لە نێوان 19 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ بەرزبێتەوە.
وردەکارییەکانی ئۆفەرەکە بریتین لە مووچەیەکی جێگیر بە بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ نزیکەی 4 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت لەسەر بنەمای ئاستی یاریزانەکە، هەروەها بڕگەکانی مافی وێنە. ئەگەر هەموو پاداشتەکان چالاک بکرێن، ئەوا کۆی تێچووی ئەم گرێبەستە بۆ دوو وەرز لە 40 ملیۆن یۆرۆ تێدەپەڕێت.
شایەنی باسە لە سالی 2014 بێشیکتاش جارێکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی فیرعەونەکەی میسری دابوو بەڵام دیسانەوە ئەوکات بریکاری یاریزانەکە رێگری لەو گواستنەوەیە کرد و سەڵاح لە رۆماوە پەیوەندی بە چیڵسی کرد.


