ئه‌مریکاگرنگترین

کێشەیەکی نوێ بۆ نێیمار؛ لە ژووری خۆگۆڕین سووکایەتی بە دوو هاوتیمی دەکات

سانتۆس لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی نێیمار بۆ سەر هاوتیمەکانی دەکات

Yariga App

یاریگا –

نێیمار دا سیلڤا، یاریزانی سانتۆس هەرگیز لە دروستکردنی کێشە و مشتومڕ دوور ناکەوێتەوە و جارێکی دیکە بەهۆی ئاڵۆزییەکی ژووری خۆگۆڕینەوە گەڕایەوە سەردێڕی گەرمی هەواڵەکان.

لە یارییەکەی رۆژی شەممە بەرامبەر چاپۆکۆینسی، هێرشبەرە بەرازیلییەکە بە دوو گۆڵ خاڵێکی بۆ سانتۆس بەدەستهێنا و یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییهات،بەڵام بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی گڵۆبۆ، سەرەڕای ئەوەی سانتۆس لە نیوەی یەکەمدا پێشکەوتبوو، لە پشووی نێوان دوو نیوەکەدا گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لە ژووری گۆڕین دروست بووە.

نێیمار چی کردووە؟
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نێیمار لە کاتی پشوودا کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست داوە و بەتوندی رەخنەی لە دوو یاریزانی هاوڕێی گرتووە، تەنانەت سنوورەکانیشی لە قسەکردندا بەزاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕە بەرازیلییەکە، نێیمار بە گابرێل بۆنتێمپۆی گوتووە کە ئاستی زۆر خراپە و پێی گوتووە وەرزی داهاتوو دووبارە بەرامبەر چاپۆکۆینسی یاری دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە لە خولی پلە دووی بەرازیل چونکە چاپۆکۆینسی ئێستا لە کۆتایی ریزبەندییەکەدایە.

جواو ئانانیاس دووەم ئامانجی تووڕەییەکەی نەیمار بووە، کە تێیدا ئەستێرە بەرازیلییەکە لەو دەمەقاڵێیەدا بەتوندی گومانی لە توانا تەکنیکییەکانی ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست کردووە.

دەرهاویشتەکان و هەڵوێستی یانەکە
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە کاریگەرییەکی نەرێنیی راستەوخۆی خستە سەر تیمەکە؛ سانتۆس تەنیا لە 10 خولەکی سەرەتای نیوەی دووەمدا پێشکەوتنەکەی لەدەستدا و هەر هەمان یاریزان بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کرد.

دوای یارییەکە و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، هەریەک لە بۆنتێمپۆ و ئانانیاس رەتیانکردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی کەسییان لەگەڵ نییمار هەبووبێت و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوە تەنیا سەرزەنشتکردنێکی گشتی بووە لە ژووری خۆگۆڕیندا نەک دەمەقاڵێیەکی ئاراستەکراو بۆ یاریزانێکی دیاریکراو.

تاوەکوو ئێستاش نێیمار و تیمی میدیاییەکەی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە، لە بەرامبەردا، یانەی سانتۆس بڕیاری داوە رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەم رووداوە و دیاریکردنی ئەو رێکارانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر.

بابەتی زیاتر

Back to top button