ئیتاڵیاگرنگترین

لە پێناو پاراستنی مێشکی منداڵان؛ یانەی کۆمۆ لێدانی سەر لە تیپە تازەپێگەیشتووەکانیدا سنووردار دەکات

هەنگاوە نوێیەکانی کۆمۆ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لێدانی سەر چیین؟

Yariga App

یاریگا –

یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، کە بڕیارە وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات، بەمەبەستی سنووردارکردنی بەرکەوتنی سەری منداڵان بە تۆپ، سیستەمێکی نوێی بۆ ئەکادیمیاکەی راگەیاندووە.

 ئەم هەنگاوەی کۆمۆ بە ئامانجی پاراستنی تەندرووستیی مێشکی لاوان و دوابەدوای ئەو رێنماییە جیهانییانە دێت کە لە ساڵانی رابردوودا جەخت لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لێدانی سەر دەکەنەوە.

رێنماییە نوێیەکانی یانەی کۆمۆ بەپێی تەمەنەکان

یانەکە ئامانجییەتی لێدانی سەر کەم بکاتەوە و پەرە بە توانای تەکنیکیی یاریزانان بدات، بۆ ئەمەش ئەم رێکارانەی گرتووەتەبەر؛

  • ئاستی خوار 10 ساڵ؛ لێدانی سەر لە مەشق و یارییەکاندا بەتەواوی قەدەخەیە، هەڵدانی لا [ئاوت] و کۆڕنەکان بە پاسی کورت و لەسەر زەوی جێبەجێ دەکرێن.

  • ئاستی خوار 11 ساڵ؛ تەکنیکەکانی لێدانی سەر لە کۆتایی وەرزدا دەناسێندرێن، بەڵام تەنیا بە بەکارهێنانی تۆپی لاستیکیی سووک.

  • ئاستی خوار 12 ساڵ؛ مانگی تەنیا جارێک مەشق لەسەر تەکنیکی لێدانی سەر دەکرێت، ئەویش بە تۆپی لاستیکی و بە لایەنی زۆرەوە 5 لێدان بۆ هەر یاریزانێک لە یەک مەشقدا، هەروەها لە یارییەکاندا هانی یاریزانان دەدرێت شێوازی هێشتنەوەی تۆپ پەیڕەو بکەن.

  • ئاستی خوار 13 ساڵ؛ لێدانی سەر لە مەشقەکاندا بەتوندی سنووردار دەکرێت؛ هەفتەی جارێک و زۆرترین رێژە 5 لێدانە، هەروەها ئاوت هەر بە دەست جێبەجێ دەرکرێت، بەڵام دەبێت ئاستی بەرزکردنەوەی تۆپەکە لە خوار ئاستی سەری یاریزانەکانەوە بێت.

  • رێنمایی گشتی؛ راهێنەران بەرپرسیارن لە کەمکردنەوەی لێدانی سەری دووبارە و بێپاساو، هەروەها بەکارهێنانی تۆپی زۆر رەق رێگەپێدراو نییە.

بۆچوونی ئەستێرەکان و شارەزایان

  • رافایێل ڤاران؛ بەرگریکاری پێشووی مانچستەر یونایتد و ریال مەدرید، کە ئێستا لە دەستەی پەروەردەیی یانەی کۆمۆیە، رایگەیاند؛

    پێویستە بەرکەوتنەکانی سەر بەجیدی وەربگرین و منداڵەکانمان بپارێزین، بۆ یاریزانە لاوەکان کە مێشکیان هێشتا لە گەشەکردندایە، باشترین رێگە کەمکردنەوەی بەرکەوتنی تۆپە.

     ڤاران پێشتر باسی لەوە کردبوو کە جەستەی بەهۆی زۆریی لێدانی سەرەوە زیانی پێگەیشتووە.

  • ئۆسیان رۆبێرتس؛ بەرپرسی پەرەپێدان لە یانەکە دەڵێت، سنووردارکردنی لێدانی سەر یارمەتی منداڵان دەدات زیاتر سەرنج بخەنە سەر لایەنە تەکنیکییەکان و فێربوونی شێوازی دروستی یارییکردن.

رێکارەکان لە بەریتانیا چۆنن؟

لە ئایاری ساڵی 2024، یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا پلانی بۆ قۆناخ بە قۆناخ نەهێشتنی لێدانی سەر لە یارییەکانی منداڵانی خوار 12 ساڵ لە ماوەی سێ ساڵدا راگەیاند، ئەمەش پاش سەرکەوتنی تاقیکردنەوەیەکی لیژنەی نێودەوڵەتیی یاساکانی تۆپی پێ هات، کە تێیدا ئەگەر یاریزانێک بەئەنقەست سەر لە تۆپ بدات، لێدانێکی ناڕاستەوخۆ دەدرێتە تیپی بەرامبەر.

 مەترسییەکانی سەر بەتەنیا لە تۆپی پێدا نین؛ لە وەرزشی رەگبیشدا، زیاتر لە 1,100 یاریزانی پێشوو سکاڵای یاساییان لەسەر دەستەی بەڕێوەبەری یارییەکە تۆمارکردووە، بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشییە دەمارییەکان و خەمۆکی بەهۆی بەرکەوتنەکانی سەرەوە.

رەوشی یاساکان لە ئەمریکا

لە ئەمریکا، دەستپێشخەرییەکی تایبەت بە شڵەقانی مێشک لە ساڵی 2015ـەوە لێدانی سەری بۆ منداڵانی تەمەن 10 ساڵ و کەمتر بەتەواوی قەدەخە کردووە، بۆ تەمەنی 11 تاوەکوو 13 ساڵیش رێژەکەی کەم کردووەتەوە.

ئەم بڕیارە دوای سکاڵایەکی یاسایی لە ساڵی 2014 هات، کاتێک ئامارەکان دەریانخست کە لە ساڵی 2010 نزیکەی 50 هەزار یاریزانی ئامادەیی لە ئەمریکا تووشی شڵەقانی مێشک بوون.

لە وەرزشەکانی دیکەی وەکوو خولی تۆپی پێی ئەمریکی رێکاری توند گیراونەتەبەر، وەکوو قەدەخەکردنی لێدانی راستەوخۆ لە سەر و رێگەدان بە بەکارهێنانی کڵاوی پارێزەر.

لێکەوتە تەندرووستییەکانی دووبارەبوونەوەی لێدانی سەر

توێژینەوە زانستییەکان بەردەوام مەترسییە درێژخایەنەکانی لێدانی سەر دەسەلمێنن؛

  • بەرزبوونەوەی رێژەی خەڵەفان؛ توێژینەوەیەکی زانکۆی نۆتینگهام لە ساڵی 2023، دەریخست کە نەخۆشییەکانی خەڵەفان سێهێندە زیاترە لەنێو یاریزانە پیشەگەرە خانەنشینبووەکاندا بەراورد بە خەڵکی ئاسایی.

  • قوربانییە دیارەکان؛ نۆبی ستایلز، پاڵەوانی جامی جیهانیی 1966، لە ساڵی 2020 و لە تەمەنی 78 ساڵیدا، بەهۆی پەککەوتنی مێشکی گیانی لەدەستدا. پێدەچێت لە ژیانی وەرزشیدا زیاتر لە 136 هەزار جار سەری لە تۆپ دابێت، هەر لە هەمان پێکهاتەی 1966ـی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پێنج یاریزانی سەرەکی دواتر تووشی نەخۆشیی خەڵەفان بوون.

  • شەپۆلی پەستانی ناو مێشک؛ توێژینەوەیەکی زانکۆی لافبۆرۆ لە مانگی نیساندا ئاشکرای کرد کە لە کاتی لێدانی سەردا، شەپۆلێکی پەستانی جیاواز لە ناوچەی پێشەوەی مێشک دروست دەبێت. دکتۆر یوان فیلیپس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەم گواستنەوەی وزەیە زۆر لێکچووە لەگەڵ ئەو زەبرانەی بەهۆی تەقینەوە سەربازییە ئاست نزمەکانەوە بەر مێشک دەکەون.

بابەتی زیاتر

Back to top button