ئیسپانیائینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئارسناڵ بۆ گرێبەستێکی مێژوویی ئامادەیە؛ ئەستێرەیەکی پێشووی پرێمەرلیگ بیرۆکەی گواستنەوەی ڤینیسیۆس بە خراپ دەزانێت

"پێم وانییە یارمەتی ئارسیناڵ بدات"

Yariga App

یاریگا –

ئارسیناڵ توانای داراییی هەیە تاوەکوو ڤینیسیۆس جونیۆر بکاتە خاوەن بەرزترین مووچەی یانەکەی.

بەگوێرەی تۆک سپۆرت، ئێستا بوکایۆ ساکا بەرزترین مووچەی لە ئارسیناڵدا هەیە کە هەفتانە زیاتر لە 300 هەزار پاوەند وەردەگرێت، بەڵام مووچە پێشنیازکراوەکەی ڤینیسیۆس تێپەڕاندنی مووچەکەی ساکا دەبێت. یاریزانە بەڕازیلییەکە ئێستا لە ریال مەدرید هەفتانە بەنزیکەیی 246 هەزار پاوەند بەدەست دەهێنێت.

لەگەڵ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لە ریال مەدرید لە کۆتاییی وەرزدا، دەگوترێت ڤینیسیۆس بەدوای زیادکردنێکی گەورەی مووچەکەیدا دەگەڕێت. راپۆرتەکان دەڵێن یاریزانە 26 ساڵەکە داوای بڕێک دەکات کە دەگاتە 550 هەرزار یۆرۆ، کە دەکاتە نزیکەی 470 هەزار پاوەند لە هەفتەیەکدا.

تەنانەت بەو ژمارە گەورەیەشەوە، ئەو هێشتا نابێتە خاوەن بەرزترین مووچەی پرێمەرلیگ. ئەو نازناوە بۆ هێرشبەری نووکی مانچێستەر سیتی، هاڵاند دەبێت، کە لە کانوونی دووەمی 2025 گرێبەستێکی نوێی واژۆ کرد و بووە یەکەم یاریزان کە هەفتانە 500 هەزار پاوەند بەدەست بهێنێت.

ئارسیناڵ ئێستا تاوتوێی ئەوە دەکات ئایا هەنگاو بنێت بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر، کە داهاتووی لە بێرنابیۆ نادیار بووە لەناوەڕاستی هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی یان دیۆماندێ. زانراوە کە ریال مەدرید رێککەوتنێکی زارەکیی سەرەتایی لەگەڵ لایپیزیکدا هەیە بۆ دیۆماندێ و توانیویەتی پێش پاریس سانجێرمان و لیڤەرپوول بکەوێت بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی.

سەبارەت بە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئارسیناڵ هێشتا پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ریال مەدریددا نەکردووە بە مەبەستی گواستنەوەی و یاریزانە 26 ساڵەکە وەکوو بژاردەیەک سەیر دەکات لەبری ئەوەی ئامانجی سەرەکی بێت.

سەرەڕای ئەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە بە روونی کوالێتییەکی گەورە بۆ ئارسیناڵ و پرێمەرلیگ بە گشتی دێنێت، هێرشبەری پێشووی واتفۆرد، تڕۆی دینی گومانی ئەوەی هەبوو کە کەسایەتیی لەگەڵ ژووری خۆگۆڕینی ئارسیناڵدا بگونجێت.

دینی لە بەرنامەی بەیانیانی تۆک سپۆرتدا گوتی:

ئەگەر ئەوە روو بدات، بۆ پرێمەرلیگ زۆر سەرسوڕهێنەر دەبێت کە سوپەرستارێکی لەو ئاستەدا هەبێت لە رووی سەرنجڕاکێشیی جیهانییەوە. من بەدڵم نییە، پێم وانییە لەگەڵ شێوازی یارییکردنی ئارسیناڵدا بگونجێت، پێم وا نییە کەسایەتیی ئەو لەگەڵ میکێل ئارتێتادا بگونجێت، پێم وایە کاتێک دێتە سەر ئەوەی چی دەوێت و چی پێویستە کەسێکە زۆر زوو هەڵدەچێت و تووڕە دەبێت. پێم وا نییە بچێتە نێو گیانی کۆمەڵەکەوە و ئەوەش شتێکی نوێ دەبێت بۆ ئارتێتا تاوەکوو مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چونکە ئەو بە تەواوی گرنگی بە گرووپەکە دەدات. لە لایەکەوە ساکات دەبێت کە هەموو شتێکی بە دروستی کردووە، دواتر ئەم کابرایە  دەهێنیت و دەڵێیت ‘هەمووتان تۆپەکەی پێ بدەن’، پێویستە بەردەوامیش تۆپەکەی پێ بدەن. من بەدڵم نییە، پێم وا نییە یارمەتی ئارسیناڵ بدات، بەڕاستی پێم وا نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button