نازانێت رووبەڕووبوونەوەی ئەمانە چۆنە؛ بێڵینگهام وەڵامێکی توندی تۆماس تۆخێلی راهێنەری دەداتەوە
"هەمیشە بابەتەکە تەنیا پاسدان بە دەوری یاریگادا نییە"

یاریگا –
جوود بێڵینگهام بەرگریی لە ئاستی ئینگلتەرا کرد دوای سەرکەوتنیان بەسەر نەرویجدا و وەڵامی رەخنەکانی تۆماس تۆخێلی راهێنەری دایەوە.
تۆخێل دوای یارییەکە دانی بەوەدا نا کە، سەرەڕای ئەوەی ئینگلتەرا پابەندبوون و پێداگریی نیشاندا، بەڵام ئەو بە گشتی لە ئاستی گشتیی تیمەکە دڵخۆش نەبوو. بێڵینگهام، کە سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنیا 23 ساڵە بەردەوام دەبێتە یەکێک لە سەرکردەکانی پێکهاتەی ئینگلتەرا، بەخێرایی هاتە سەر هێڵ بۆ بەرگریکردن لە هاوتیمەکانی و گوتی:
ئەگەر ئەو دەڵێت ئێمە باش یارییمان نەکردووە، ئەوا نازانێت رووبەڕووبوونەوەی یاریزانانی وەکوو هاڵاند، سۆرلۆت، نوسا یان ئۆدیگارد چۆنە. بردنەوە هاوکات بەواتای گەڕانەوە بۆ دواوە، جەنگان و قوڕاویبوونی درێسەکەت دێت. هەمیشە بابەتەکە تەنیا پاسدان بە دەوری یاریگادا نییە. هەندێک جار تۆ یارییەکان بە لێدان و خواردنی لێدان دەبەیتەوە. کوڕەکان یارییەکی گەورەیان کرد و ئێمە لەنێو چوار تیمی کۆتایی مۆندیالداین.
پێشتر، تۆخێل بە توندی رەخنەی لە ئاستی ئینگلتەرا گرتبوو و گوتبووی:
لە هەموو روویەکەوە پابەندبوون هەبوو، بەڵام ئێمە بەهۆی تۆپی پێی خۆمانەوە ژیانمان لە خۆمان زۆر قورس کرد. ئێمە بێباک بووین، هەڵەی تەکنیکی زۆرمان کرد، خێرایی و جێگیریمان کەم بوو. ئەمڕۆ ئێمە بەبەخت بووین.
کاتێک لێدوانەکانی راهێنەرەکەی بەبیر بێڵینگهام هێنرایەوە، تۆنی دەنگی کەمێک نەرمتر بوو و گوتی:
دۆخەکە قورس بوو، کارێکی قورس بوو. هەر یاریزانێک کۆششێکی باوەڕپێنەکراوی نیشاندا، بۆیە بیرم لای هەموویانە و سوپاسگوزاریانم، چونکە جارێکی دیکە کارێکی نایابیان کرد.
لە کۆتاییدا، کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بانگەشەکەی تۆخێل، کە ئینگلتەرا بە لێدانی بەخت بردوویەتییەوە، بێڵینگهام بە سادەیی وەڵامی دایەوە و گوتی:
هیچ لێدوانێکم نییە.



