تەواو؛ ئالێکس خیمێنێز دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا

یاریگا –
فیۆرێنتینا لەگەڵ ئالێکس خیمێنێز، بەرگریکاری بۆرنمس گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی.
تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، فیۆرێنتینا بۆ گواستنەوەی ئالێکس خیمێنێز، بەرگریکاری ئیسپانی بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی وەرزێک، لەگەڵ بۆرنمس گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی.
بەگوێرەی مەرجێکی گرێبەستەکە، فیۆرێنتینا دەتوانێت بە 20 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکە بکاتە هەمیشەیی، هاوکات یانە ئیتاڵییەکە لە داهاتوودا یاریزانەکە بەهەر یانەیەک بفرۆشێت %30ـی پارەکە بۆ بۆرنمس دەبێت.
ئەو بەرگریکارە 21 ساڵانییە هاوینی رابردوو ئەیسی میلانی جێهێشت و پەیوەندی بە بۆرنمس کرد و 32 یاریی بۆ یانە ئینگلیزییەکە کرد.
خیمێنێز لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تۆمەتبارە بەوەی پەیوەندی لەگەڵ کچێکی 15 ساڵان هەبووە، بۆیە تاوەکوو یەکلایی بوونەوەی کەیسەکە ناتوانێت لە ئینگلتەڕا یاری بکاتەوە.
ئالێکس هەر لەژێر چەتری بۆرنمس دەمێنێتەوە و تاوەکوو یەکلایی بوونەوەی لێکۆڵینەوەکان لەدەرەوەی ئینگلتەڕا یاری دەکات.