گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

هەرگیز لە یارییەکی وا نایەکساندا یارییم نەکردووە؛ سویسرییەکان دوای دۆڕانیان بەرامبەر ئەرجەنتین زۆر تووڕەن

"ئەگەر ئەرجەنتین بووایە کارتی زەردی دووەمی وەرنەدەگرت"

Yariga App

یاریگا –

هەڵبژاردەی سویسرا تووشی تووڕەییەکی زۆر بوون دوای دۆڕانیان لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیال بەرامبەر ئەرجەنتین، یارییەکە کەوتە ژێر سێبەری دەرکردنی مشتومڕاویی برێل ئێمبۆلۆ.

هێرشبەرە سویسرییەکە کارتی زەردی دووەمی وەرگرت دوای پێداچوونەوەی ڤار لەسەر شتێک کە وەکوو “هەڵە لە دەستنیشانکردنی ناسنامە” وەسفکرا، بڕیارێک کە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی تووڕەیی لە تەواوی کەمپی سویسرا. یاریزانان، ستافی راهێنەرایەتی و میدیاکانی سویسرا هەموویان بە توندی رەخنەیان لە ناوبژیوانییەکە گرت.

مورات یاکینی راهێنەر لە هەڵسەنگاندنەکەیدا زۆر راشکاو بوو و گوتی:

من نازانم کێ ئەم یاسایەی داهێناوە، بەڵام ناتوانین بیگۆڕین. ئەگەر تۆ بەهۆی ئەو رووداوەوە کارتی زەرد بە ئێمبۆلۆ دەدەیت، ئەوا دەبوو پێشتر چەندین کارتی زەرد بەهۆی ئەو فاوڵانەی بەرامبەری دەکران بدرابایە. لە کۆتاییدا، ئێمە بووین کە سزادراین. بۆ من ئەستەمە تێبگەم چۆن یاسایەک دەتوانێت تیمێک بەم شێوەیە لاواز بکات.

مانوێل ئاکانجیی بەرگریکار هاوکات نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی:

من بە گشتی گلەیی لە ناوبژیوانان ناکەم، بەڵام ئەمڕۆ هەموو شتێک بە دڵی ئەرجەنتین بوو. هیچ کاتێک لە یارییەکی وا نایەکساندا یارییم نەکردووە. هیچ کام لە نواندنەکانی ئەوان سزانەدرا. ئەوان لە 90 خولەکی یەکەمدا تەنانەت یەک کارتی زەردیشیان وەرنەگرت. پاشان برێل بەهۆی ئەو رووداوەوە کارتی پێدرا. تەنانەت بە دە یاریزانیشەوە، هەموو شتێکمان کرد کە لە تواناماندا بوو.

گریگۆر کۆبێلی گۆڵپارێز بە هەمان شێوە بێهیوایی خۆی نیشاندا و گوتی:

من رووداوەکەم هێندە بەڕوونی نەبینی، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەندە بە توندی جەنگاین، نادادپەروەرییە کە لانی کەم دەرفەتی چوونە نێو لێدانەکانی یەکلاکەرەوەکانمان پێنەدرا.

رێمۆ فرۆیلەری ناوەڕاستکار گومانی لە دەستێوەردانی ڤار کرد و گوتی:

پێویستم بە کەسێکە روونی بکاتەوە چۆن ڤار دەتوانێت لە دۆخێکی وادا دەستێوەردان بکات، بەتایبەتی لە یارییەکی هێندە گرنگدا. دۆڕان بەم شێوەیە دوای ناوبژیوانییەکی هێندە لاواز زۆر ئازاربەخشە. ئێمە مێژوومان نووسییەوە، بەڵام ئەمڕۆ شتی زیاترمان دەویست.

تەلەڤیزیۆنی سویسرا بە توندی رەخنە لە ناوبژیوان دەگرێت

رەخنەکان هاوکات لەلایەن کەناڵی RTS (رادیۆ تەلەفزیۆنی سویسرا) لە ماوەی یارییەکە و دوای یارییەکەش بەردەوام بوون.

بێژەر لیۆنارد تۆرێ گوتی:

باوەڕپێنەکراوە! لەنێو ناوچەی سزادا، من کێشەم نییە کارت بدرێتە یاریزانێک بەهۆی نواندنەوە. لە راستیدا، ئەم رۆژانە کەمتر دەیبینین. بەڵام ئەمە؟ ئەمە تەنیا نادادپەروەرییە.

هاوکارەکەی دەیڤد لێمۆس درێژەی پێدا و گوتی:

من دەیڵێم. پێم وا نییە ئەرجەنتین کارتی زەردی دووەمی وەرگرتبایە یان یەکێک لە یاریزانەکانی لەژێر هەمان بارودۆخدا دەربکرابایە. بێگومان، بڕیارەکە بە وردی بۆمان روون دەکرێتەوە. سویسرا هەمیشە ئامانجێکی ئاسانە. بەڵام ئەمە یادەوەرییەکی زۆر تاڵ بەجێدەهێڵێت.

دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، شرۆڤەکار ئالێکساندەر کۆمیسێتی بە شێوەیەکی راستەوخۆ رەخنەی لە ناوبژیوان گرت و گوتی:

بەڕێز پینێرۆ، ناتوانێت شانازی بە ئاستەکەیەوە بکات. ئاسانترە بەرامبەر لاوازەکان بەهێز بیت وەکوو لەوەی بەرامبەر بەهێزەکان لاواز بیت. ئەرجەنتین لە چەندین بڕیار سوودمەند بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button