ئیسپانیاگرنگترین

ململانێی باڵی راستی ریال مەدرید گەرمتر دەبێت؛ مۆرینیۆ چاوەڕێی بڕیاری مایکڵ ئۆلیس دەکات

ئۆلیس دەبێتە پارچە ونبووەکەی هێرشبەریی مێرێنگی؟

Yariga App

یاریگا –

باڵی راستی هێرشبەریی ریال مەدرید بۆ کێبڕکێ کراوەیە و هێشتا خاوەنێکی سەرەکی نییە.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، خەونی گەورەی یانەکە روونە؛ گواستنەوەی مایکڵ ئۆلیس، ئەستێرەی بایرن میونشن و پێکهێنانی هێڵێکی هێرشبردن لە ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ و ئۆلیس؛ سیانەیەکی هێرشبەری کە بۆ باڵادەستی بەسەر ئەوروپا دروستکراوە.

لە 20ـی حوزەیران، ریال مەدرید بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ یاریزانەکە، بریکارەکانی، یان کەسانی نزیکی نەکردووە، بەڵام ئارەزووی یانەکە بۆ گواستنەوەی راستەقینەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، دوای ئەوەی ئۆلیس کۆتایی بە ئاستە بەرزەکەی لە مۆندیالدا دەهێنێت کە خاوەنی شەش ئەسیستە لە شەش یاری، لەگەڵ بایرن میونشن کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر داهاتووی دەدات.

سەردەمی دوای بەیڵ؛ باڵی راست بێخاوەنە
هاتنی ئۆلیس کۆتایی بە مشتومڕێکی چەند ساڵەی ناوخۆی یانەکە دەهێنێت؛ لەدوای رۆیشتنی گارێس بەیڵ، هیچ یاریزانێک بەتەواوی نەبووەتە خاوەنی باڵی راست، مەدرید زۆرجار پشت بە چارەسەری کاتی بەستووە کە هەندێک جار زۆر سەرکەوتوو بووە، وەکوو ئەسیستەکەی فیدێ ڤالڤێردی لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2022، بەڵام هەرگیز چارەسەرێکی هەمیشەیی نەدۆزیوەتەوە.

سەرەڕای پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان مەدرید و بایرن، دانوستانەکان ئاسان نابن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری نوێ، پلانی یەدەک ئامادە دەکات بۆ ئەگەری شکستهێنانی گرێبەستەکەی ئۆلیس، بۆ ئەمەش لیستی بەربژێرە نێوخۆییەکان درێژە.

بژاردە نێوخۆییەکانی بەردەم مۆرینیۆ؛

ئاردا گولەر
 باشترین بەربژێری نێوخۆییە، بەوپێیەی وەرزی رابردوو بەشداریی لە 51 یاری کرد، 6 گۆڵ و 12 ئەسیستی کرد، بەڵام پێگەی نموونەیی ئەو وەکوو دروستکەرێکی یارییە لە ناوەڕاستدا لەپشت هێرشبەرەوە، بۆیە کاتێک دەگوازرێتەوە بۆ باڵی راست، کاریگەرییەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە.

براهیم دیاز
 لە 42 یارییدا بەشداری کرد، دوو گۆڵ و پێنج ئەسیستی هەبوو، بووەتە یەدەکێکی زێڕین و ئاستبەرز، هەرچەندە کاتێک سەرەکی بووە سەلماندوویەتی کە دەتوانێت رۆڵی گەورەتر بگێڕێت، بەڵام یاریزانێکی سرووشتی باڵی راست نییە.

بێرناردۆ سیلڤا
 مەدرید ئەم هاوینە گرێبەستی لەگەڵ بێرناردۆ واژۆ کرد، یاریزانێک کە بۆ چەندین ساڵ کۆنترۆڵی باڵی راستی مانچێستەر سیتی کردبوو، بەڵام رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری پورتوگال، لە مۆندیالدا و دوای یەکەم یاری، زیاتر لە ناوەڕاستدا بەکاریدەهێنا، چاوەڕوان دەکرێت مۆرینیۆش لە ریال مەدرید بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

ئێندریک
 یەکێک لە گرێبەستە نوێیەکانی مێرێنگی کە لە راستیدا گەڕانەوەیە لە خواستن، ئێندریک لە لیۆن ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، 8 گۆڵ و 8 ئەسیستی لە 16 یارییدا کرد، چاوەڕوان دەکرێت وەکوو یەدەکی ئێمباپێ بێت، بەڵام فرەپێگەیی و ئاستە بەرزەکەی لە باڵی راست لە خولی فەرەنسی، دەرفەتێکی باشی پێدەدات بۆ کێبڕکێکردن.

فرانکۆ ماستانتۆنۆ
 یەکەم وەرزی لاوە ئەرجەنتینییەکە ناجێگیر بوو، بە بەهێزی دەستیپێکرد، بەڵام دوای پێکانەکەی ئاستی دابەزی، بەهرەکەی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام رۆڵەکەی هێشتا روون نییە.

رۆدریگۆ
 لە سەرەتای مانگی ئازار تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو لۆس بلانکۆس چاوەڕوان دەکات گەڕانەوەی بۆ ئاستی تەواوەتی نزیکەی ساڵێکی پێبچێت، ئەمەش وای لێدەکات وەرزەکە بە زیان دەستپێبکات و داهاتووی درێژخایەنی لە باڵی راستدا نادیار بێت.

دۆخی سەختی مۆرینیۆ
مۆرینیۆ لە یەک کاتدا هەم کێشەی هەیە و هەم چارەسەری زۆریشی لەبەردەستدایە،دەبێت بڕیار بدات کێ دەبێتە خاوەنی باڵی راست، لە کاتێکدا یانەکە چاوەڕێیە بزانێت هەوڵە ئاڵۆزەکانی بۆ گواستنەوەی ئۆلیس سەردەگرێت یان نا. ئێستا، رێککەوتنەکە قورس دیارە،بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز هێشتا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی یاریزانە فەرەنسییەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button