کاریگەری مۆندیال؛ ریال مەدرید دەبێتە یەکەم یانە کە یاسای خشتەی مۆندیالی لالیگا کاری لێبکات
پێشبینی دەکرێت یارییەکەی ریال مەدرید و ریال سۆسیداد دوابخرێت

یاریگا –
ریال مەدرید دەبێتە یەکەم تیم کە کاریگەریی بڕیارەکەی لالیگای بەسەرەوە دەبێت بۆ دواخستنی یارییەکانی گەڕی یەکەم بۆ ئەو تیمانەی کە لانی کەم یەک یاریزانیان لە پێشکۆتایی مۆندیالدا بەشدارە.
فەڕەنسا و مەغریب لە ئێستاوە جێگەی خۆیان لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا مسۆگەر کردووە، ئەمەش گرەنتی دەکات کە ریال مەدرید لانی کەم یەک نوێنەری لە چوار تیمی کۆتاییدا دەبێت، یان براهیم دیاز لەگەڵ مەغریب، یان کیلیان ئێمباپێ، ئۆرێلیەن چوامێنی و ئیبراهیما کۆناتێ لەگەڵ فەڕەنسا.

بەم پێیە، چاوەڕوان دەکرێت یاریی کردنەوەی ریال مەدرید لە لالیگا بەرامبەر ریال سۆسیداد، کە لە سەرەتادا بۆ کۆتایی هەفتەی 14-16ـی ئاب دانرابوو، دوابخرێت و لە کۆتایی هەمان مانگدا بەڕێوە بچێت.
سەرۆکی لالیگا، خاڤیێر تێباس روونی کردەوە ئەو یاریزانانەی دەگەنە پێشکۆتایی مۆندیال، ئەو ماوەی پشووە وەردەگرن کە لە رێککەوتنی بەکۆمەڵ لەگەڵ سەندیکای یاریزاناندا (AFE) دیاری کراوە و گوتی:
یاریزانان سێ هەفتە پشوو وەردەگرن کە لە رێککەوتنی بەکۆمەڵدا دیاری کراوە دوای کۆتا یاریی خۆیان لە مۆندیال، کە بەدوایدا سێ هەفتە ئامادەکاریی دێت.
سەرۆکی لالیگا ئاماژەی بەوەش کرد کە لالیگا گەڕی کردنەوەی دابەشکردووە، بە شێوەیەک کە شەش یاری لە کۆتایی هەفتەی یەکەمدا بەڕێوە دەچن و یارییەکانی دیکەش بۆ ناوەڕاستی هەفتەیەک لە کۆتایی مانگی ئابدا دووبارە دەخرێنە خشتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ریال مەدرید وەکوو یەکەم تیم بێت کە کاریگەرییەکەی لەسەر دەبێت، بەڵام یارییەکانی بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو، ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرامبەر مالاگا و سێڵتا ڤیگۆ بەرامبەر ئۆساسۆناش لەنێو ئەو یارییانەدان کە دەکرێت دوابخرێن، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی چ یاریزانێک دەگاتە پێشکۆتایی مۆندیال.
لالیگا چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی پێکهاتەی تیمەکانی پێشکۆتایی دەکات پێش ئەوەی خشتەی فەرمیی گەڕی یەکەم رابگەیەنێت. هاوکات، AFE فشاری کردبوو بۆ دواخستنی دەستپێکردنی خولەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک تاوەکوو هەموو تیمەکان بتوانن وەرزەکە لە هەمان رۆژی یارییەکاندا دەست پێ بکەن، لەبری ئەوەی گەڕی کردنەوە بەسەر دوو بەرواری جیاوازدا دابەش بکرێت.



