بڕۆن بۆ دۆزەخ؛ ئێمباپێ بێدەنگی دەشکێنێت و رەخنە لە شێوازی یارییکردنی پاراگوای دەگرێت
"دەزانین چۆن تۆپی پێیەکی ناشیرینیش بکەین"

یاریگا –
دواجار کیلیان ئێمباپێ بێدەنگییەکەی شکاند. کاپتنی فەڕەنسا دوای یارییەکەی بەرامبەر پاراگوای، بە ئاشکرا رەخنەی لە شێوازی ناوەرزشیی تیمی بەرامبەر گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی کە بە بەردەوامی یارییەکەیان پەکخستووە بەبێ ئەوەی یەک کارتی زەردیش وەربگرن سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین فاوڵ و تووڕەکردن.
کیلیان ئێمباپێ دوای ئەوەی جارێکی دیکە گۆڵی کرد، کە ئەمجارەیان لە رێگەی لێدانی سزاوە بوو، گوتی:
پاراگوای نەیان دەویست یاریی تۆپی پێ بکەن و ئێمە نیشانماندان کە دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەین. بردمانەوە و لەوان باشتر بووین. ئەگەر پێمان بڵێن بڕۆن بۆ دۆزەخ، ئێمەش پێیان دەڵێین بڕۆن بۆ دۆزەخ.
ئێمباپێ هەر بەوە نەوەستا؛ ئەو بەرگریی لە هاوتیمەکانی کرد و بە روونی ئاماژەی بەوەدا کە فەڕەنسا دەتوانێت لە کاتی پێویستدا بچێتە نێو شەڕێکی جەستەیییەوە. لە کۆتاییدا گوتی:
ئەگەر پێویست بکات ناشیرین یاریی بکەین، ئەوە دەکەین. ئەوان پێیان وابوو ئێمە بە جلی فەرمییەوە دێینە ناو یاریگا، بەڵام ئێمە دەزانین چۆن تۆپی پێیەکی ناشیرینیش بکەین. ئێمە نیشانماندا کە وەکوو تیمێک نین کە تەنیا بزانێت چۆن تۆپی پێی هێرشبەریی یاری بکات.
لە کاتی یارییەکەدا، ئێمباپێ بە بەردەوامی لەلایەن یاریزانانی پاراگوایەوە دەکرایە ئامانج بە مەبەستی تێکدانی دەروونی و سنووردارکردنی کاریگەرییە هێرشبەرییەکانی. ئەو چەندین دەمەقاڵێی توندی لەگەڵ ماتیاس گالارزا و گوستاڤۆ گۆمێز هەبوو، کە ئەمەی دواییان چوونەنێو رووبەڕووبوونەوەیەکی زارەکی درێژخایەنەوە لەگەڵیدا.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو دوو یاریزانە بە بەردەوامی جنێویان بە یەکدی دەدا و هاواریان دەکرد: “La concha de tu madre. La concha de tu madre”. کە سووکایەتییەکی توندە بە زمانی ئیسپانی و لە تۆپی پێی ئەرجەنتیندا زۆر باوە.



