پێویستە دەرئەنجام هەبێت؛ ئەستێرەیەکی پێشووی ئەڵمانیا داوای گۆڕانکاریی ریشەیی دەکات
"دەبێت گۆڕانکاریی لە پۆستی راهێنەردا بکرێت"

یاریگا –
بە روونی شتێک لە دڵی هەمڵس هەبوو کە دەیویست بیڵێت. پێش یارییەکەی قۆناخی 32ـی جامی جیهانی لەنێوان فەرەنسا و سوید، شیکەرەوەی MagentaTV، ماتس هەمڵس و لاورا ڤۆنتۆرای پێشکەشکار باسیان لە بێهیواییە نوێیەکەی ئەڵمانیا لە جامی جیهانیدا کرد.
لە کاتی گفتوگۆکەدا، براوەی جامی جیهانی دانی بەوەدا نا کە کێشە کەسییەکانی لەگەڵ راهێنەری ئەڵمانیا، یولیان ناگلیسمان رۆڵیان لە داواکارییەکەیدا بۆ دوورخستنەوەی راهێنەرەکە هەبووە. هەمڵس گوتی:
بێگومان من لەژێر کاریگەری هەموو ئەو شتانەدام کە لە یۆرۆی 2024 لەسەر خاکی خۆمان روویاندا. هەموو شتێک لەگەڵ مندا زۆر دادپەروەرانە یان دڵسۆزان مامەڵەی لەگەڵ نەکرا. لە کاتێکدا، ئێمە پێویستە ئەوە لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا روون بکەینەوە. تاوەکوو ئێستاش رووی نەداوە. بۆیە من لە رووی سۆزدارییەوە بەلایەکدا لایەنگرم. بەڵام بە سەیرکردنی دۆخی گشتی و تەواوی راستییەکان، دەڵێم پێویستە شتێک لە پۆستی راهێنەردا بگۆڕدرێت.
بۆ بیرهێنانەوە؛ ناگلیسمان بە ویستی خۆی هەمڵسی لە تیمی ئەڵمانیا بۆ یۆرۆی 2024 دوورخستەوە. هۆکاری ئەو بۆ هەڵنەبژاردنی بەرگریکارەکەی ئەو کاتەی بۆرووسیا دۆرتموند ئەوە بوو کە دەترسا هەمڵس، کە چاوەڕوان دەکرا رۆڵی یەدەکی هەبێت، پشێوی لەنێو تیمی ئەڵمانیادا دروست بکات.

دوای دۆڕانە شەرمەزارکەرەکەی ئەڵمانیا لە قۆناخی 32 بەرامبەر پاراگوای (5–4 بە لێدانی سزای یەکلاکەرەوە)، هەمڵس داوای گۆڕانکاریی گەورەی کرد، نەوەکوو تەنیا لەنێوان یاریزاناندا.
دڵی بەرگری پێشووی ئەڵمانیا گوتی:
لەلایەن بەرپرسانەوە، بە راستی وا هەست دەکرێت کە پێویستمان بە ئاکام هەیە. پێویستە ئەمە باس بکرێت. چ لەلایەن خودی راهێنەری تیمی نیشتمانی و چ لەلایەن فیدراسیۆنەکەوە. بە لانی کەمەوە، دەبێت گفتوگۆ لەو بارەیەوە بکرێت. ناکرێت بە هیچ شێوازێکی دیکە بێت. من بە مەبەست بەو شێوازە دەرمبڕی چونکە ئاماژەم بە هیچ ناوێک نەدا. تاکە شتێک کە کردم، خستنەژێر پرسیاری پێگەی راهێنەری تیمی نیشتمانی بوو.
لە درێژەی قسەکانیدا هەمڵس گوتیشی:
دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە یواخیم لۆڤ چەندە سەرکەوتوو بوو. ئەو گەیشتە نیوەی کۆتایی یان کۆتایی، یاخود پاڵەوانییەتییەکەی بردەوە لە شەش پاڵەوانییەتی گەورەی لەسەریەکدا. کەچی دوای یەک پاڵەوانییەتی خراپ لە 2018، خەڵکی پێشوەختە بە دەنگێکی ئەوەندە بەرز داوای دەرئەنجامەکانیان دەکرد، کە لە ئاداری 2019 هەستی بە ناچاری کرد بڕیارێکی خراپ بۆ تۆپی پێی ئەڵمانیا بدات تەنیا بۆ پاراستنی کارەکەی. بۆیە ئێستا دەبێت بپرسین: بە راستی چی لەم نزیکەی چوار ساڵەی بەرپرسیارییەتییەدا باش بووە و چی باش نەبووە؟ پاشان دەکرێت بڕیارەکان بدرێن. بە راستی قورسە وێنای ئەوە بکرێت کە شتەکان بە سادەیی بەو شێوەیەی کە هەن بەردەوام بن.



