گرێبەستەکەی گۆردن و بارسێلۆنا؛ چەندین ملیۆن یۆرۆی شاراوە لەنێو مەرجەکاندایە
وردەکارییە داراییەکانی گرێبەستەکەی گۆردن بۆ بلاوگرانا

یاریگا –
سەرەڕای ئەوەی ئانتۆنی گۆردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالی 2026 ئاستێکی چاوەڕواننەکراو و لاوازی پێشکەش کردووە، بەڵام گواستنەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا یەکێک بووە لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین گرێبەستەکانی ئەم هاوینە.
رۆژنامەی میرەر، لە راپۆرتێکدا کۆی تێچوونە خەیاڵییەکەی گۆردنی لەسەر بارسێلۆنا و ئەو سێ بڕگە زێڕینە ئاشکرا دەکات کە یانەی نیوکاسڵ یونایتد لە گرێبەستەکەدا جێگیری کردوون.
بارسێلۆنا 70 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانە 25 ساڵانییەکە خەرج کرد، بەڵام بە گۆڕانکاری و سێ مەرجی دیکە کە لەنێو گرێبەستەکەیدا هەن، تێچووەکە زیاتر لەسەر یانە کاتالوونییەکە دەکەوێت.

مووچەیەکی خەیاڵی
گرێبەستەکەی گۆردن لە کامپ نوو تاوەکوو ساڵی 2031 دەبێت و مووچەی هەفتانەی 300 هەزار پاوەندە، بەمەش مووچەی ساڵانەی دەگاتە 15.6ملیۆن پاوەند و تێکڕای مووچەکەی بۆ پێنج ساڵەکە دەگاتە نزیکەی 80 ملیۆن پاوەند.

سێ بڕگە زێڕینەکەی نیوکاسڵ یونایتد
نیوکاسڵ بە دانانی سێ بڕگە لە گرێبەستەکەدا، داهاتوویەکی پڕ قازانجی بۆ یانەکەی مسۆگەر کردووە، کە پێکهاتوون لە؛
بڕگەی بەشداریکردن
بارسێلۆنا ناچارە لە هەر وەرزێکدا یەک ملیۆن یۆرۆ بداتە نیوکاسڵ ئەگەر گۆردن بەشداریی لە %60ـی یارییەکاندا بکات، ئەگەر پێنج ساڵەکە بەم شێوەیە بڕوات، نیوکاسڵ پێنج ملیۆن یۆرۆ قازانج دەکات.

بڕگەی بردنەوەی نازناوەکان
ئەگەر گۆردن لە ماوەی گرێبەستەکەیدا بۆ بردنەوەی نازناو یارمەتی بارسێلۆنا بدات، ئەوا یانەکە دەبێت پێنج ملیۆن یۆرۆی دیکە بداتە نیوکاسڵ.
بڕگەی فرۆشتنەوەی داهاتوو
ئەگەر بارسێلۆنالە داهاتوودا و پێش تەواوبوونی گرێبەستەکەی، گۆردن بفرۆشێتەوە، نیوکاسڵ رێژەیەکی دیاریکراو کە نەزانراوە چەندە، لە قازانجی فرۆشتنەکەی وەردەگرێت.
رۆژنامە بەریتانییەکە لە کۆتاییدا نووسیەتی، لە گواستنەوەی گۆردن تێچوویەکی زۆر لەسەر بارسێلۆنا کەوتووە و ئەگەر ئاستی لە یانە کاتالوونییەکەش وەکوو ئەوەی ئێستای مۆندیال بێت، رەنگە ببێتە سەرئێشەیەکی گەورەی دارایی بۆ لاپۆرتا و کارگێڕیی یانەکە.



