گرنگترینمۆندیالی 2026

مشتومڕی یاسای دەمگرتن گەورەتر دەبێت؛ پاراگوای سکاڵای فەرمی دژی فیفا تۆمار دەکات

: بۆچی یاساکان لەسەر هەمووان جێبەجێ ناکرێن؟

Yariga App

یاریگا –

کێشە و مشتومڕەکانی یارییەکەی ئینگلتەرا و گانا لە مۆندیالی 2026 خەریکە پێدەنێتە قۆناخێکی دیکە و بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکان بە یەکسانی بەسەر سەرجەم یاریزاناندا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی پاراگوای سکاڵای لە دژی بڕیارەکانی فیفا تۆمار دەکات.

رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، پاراگوای لە سکاڵاکەیدا بۆ فیفا ئاماژەی بەوە کردووە ئەم یاسایە بە شێوەیەکی یەکسان و بەردەوام بەسەر هەموو تیپەکاندا جێبەجێ ناکرێت، پێیان وایە دەرکردنی ئەلمیرۆن و چاوپۆشیکردن لە بێڵینگهام، نادادپەروەرییەکی گەورەیە لە پاڵەوانێتییە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم تووڕەییەی پاراگوای دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیمەنەی کە تێیدا جود بێڵینگهام، ئەستێرەی ئینگلتەرا، لە کاتی قسەکردندا لەگەڵ جۆردان ئایۆی یاریزانی گانا بەدەست دەمی گرت، بەڵام ناوبژیوان هیچ سزایەکی نەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە میگێل ئەلمیرۆن، ئەستێرەی پاراگوای، پێشتر لە یارییەکەیان بەرامبەر تورکیا بەهۆی هەمان هەڵسووکەوتەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و بووە یەکەم قوربانیی ئەم یاسایە.

ئەم یاسا نوێیەی فیفا دوای ئەوە پەسەند کرا کە جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی بێنفیکا، بەهۆی رەفتار و قسەی نەشیاو بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ ماوەی شەش یاری سڕکرا. یاساکە دەڵێت؛ هەر یاریزانێک لە کاتی رووبەڕووبوونەوە و گرژیدا دەستی بەسەر دەمیدا بگرێت، بە کارتی سوور دەردەکرێت.

بەڵام بۆچی بێڵینگهام دەرنەکرا؟ پیێرلوجی کۆلینا، سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی فیفا، پێش پاڵەوانێتییەکە روونکردنەوەی دابوو ئەگەر گفتووگۆکە هاوڕێیانە بێت، یاریزانان دەتوانن دەستیان یان درێسەکانیان بخەنە سەر دەمیان و ئاساییە، ئەگەر گفتووگۆکە گرژی و رووبەڕووبوونەوە بێت؛ شاردنەوەی دەم مانای وایە شتێکی زۆر هەڵە دەڵێیت، بۆیە سزاکەی کارتی سوورە. وادیارە ناوبژیوانی یارییەکە پێی وابووە گفتوگۆکەی بێڵینگهام گرژی تێدا نەبووە.

بێڵینگهام لە مەترسیدایە؟

کیس هاکێت، ناوبژیوانی پێشووی پرێمەرلیگ، لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی؛ بێڵینگهام زۆر بەشانسە کە نە ناوبژیوان و نە ڤار هەستیان پێ نەکرد. مەترسیی ئەوە هەیە کە لیژنەی تەمبێکردنی فیفا بەدواداچوون بۆ ڤیدیۆکە بکات و دواتر بێڵینگهام سزا بدات.

کاردانەوە تووندەکان؛ بێژەرێک دەرکرا

 ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ خۆرخێ ڤێرا، بێژەری وەرزشیی پاراگوای، لە کاتی پەخشی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئینفانتینۆ و ناوبژیوان و بە دز ناوی بردن و گوتی ئەوان تۆپی پێ لەناودەبەن، بەهۆی ئەم لێدوانانەوە، فیفا مۆڵەتی رووماڵکردنی مۆندیالی لەو بێژەرە سەندەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button