رووناکی سەوز هەڵکرا؛ ریال مەدرید گفتوگۆی فەرمی بۆ یاریزانە دڵخوازەکەی مۆرینیۆ دەستپێدەکات
مایکڵ ئۆلیس، ئەیوب بوعدی، فێلیکس مێچا، کاماڤینگا و چوامێنی بەشێکی چیرۆکەکەن..

یاریگا –
ریال مەدرید بەهۆی بێهیوابوون لە گواستنەوەی مایکڵ ئۆلیس، ئەستێرەی بایرن میونشن، تەواوی سەرنجەکانی دەخاتە سەر گواستنەوەی ئێنزۆ فێرناندێز.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ئێنزۆ فێرناندێز ئەو یاریزانەیە کە ریال مەدرید بۆ هێڵی ناوەڕاست دەیەوێت و ریال مەدرید لە چەند کاتژمێری رابردوو رووناکی سەوزی بۆ گواستنەوەی هەڵکردووە و بڕیاریانداوە لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ واژۆ بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ریال مەدرید بۆی دەرکەوتووە گواستنەوەی مایکڵ ئۆلیس، ئەستێرەی فەڕەنسی مەحاڵە و بایرن میونشن دەستبەرداری نابێت، هەروەها ماتیوس فێرناندێش، ناوەڕاستکاری وێستهام پێی باشترە پەیوەندی بە تۆتنهام بکات چونکە ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە بڕوای وایە لە تۆتنهام دەفەتی زیاتری پێدەدرێت بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکات. بۆیە ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئەو ناوەڕاستکارەش پاشەکشە دەکات.

هەر بۆیە ریال مەدرید بڕیاریداوە هەنگاوی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئێنزۆ دەستپێبکات و یانەکە بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوو گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ چێڵسی دەستپێبکات، خاڵی گرنگی گفتوگۆکانیش ئەوەیە ئێنزۆ بە ریال مەدریدی راگەیاندووە هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە مێرێنگێ بکات.
ئێنزۆ فێرناندێز هەمیشە بژاردەی یەکەمی جۆزێ مۆرینیۆ بووە و لە یەکەم رۆژەوە ئەوەی بە ریال مەدرید راگەیاندووە، بەڵام بژاردەی دیکەی وەکو ماتیوس فێرناندێش و ئەیوب بوعدیش هەبوون کە ریال مەدرید چەند مانگێکە لە رێگەی خونی کالافاتەوە چاودێرییان دەکات، بەڵام بودعی ئەو جۆرە یاریزانە نییە کە مۆرینیۆ دەیەوێت، چونکە زۆر گەنج و بێ ئەزموونە، مۆرینیۆ کۆمەڵێک یاریزانی بەئەزموونی دەوێت بۆ ئەوەی یاریزانە لاوەکانیش لەگەڵیاندا گەشە بکەن.
ریال مەدرید تەنانەت بیری لە گواستنەوەی فێلیکس مێچا، ئەستێرەی بۆڕووسیا دۆرتموند کردووەتەوە، بەڵام ئەویش هەمان کێشەی ئەیوب بوعدی هەیە، بۆیە ریال مەدرید بڕیاریداوە خواستە سەرەکییەکی مۆرینیۆ بەدیبێنێت و گرێبەست لەگەڵ ئێنزۆ واژۆ بکات، تەنیا لە یەک حاڵەت دەگەڕێنەوە بۆ بژاردەژانی دیکە ئەویش ئەوەیە لە گواستنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە سەرکەوتوو نەبن.

جۆزێ مۆرینیۆ پێی وایە ئێنزۆ باشترین ناوەڕاستکارە بۆ پڕۆژەکەی، ئەویش بەهۆی ئەو توانا بەرزەی لە کۆنتڕۆڵکردنی یاریگادا هەیەتی، هەروەها یاریزانەکە تایبەتمەندی سەرکردایەتی یانەکەی لەناوەوە و دەرەوەی یاریگای تێدایە، هەروەها بە شێوازی یاریکردنی دەتوانێت تەواوی تیمەکە بجووڵێنێت، ئێنزۆ یاریزانێکی بۆکس توو بۆکسە “ناوەڕاستکاری بەرگریکار و هێرشبەر” ئەمەش ئەو جۆرە ناوەڕاستکارەیە کە مۆرینیۆ پێویستییەتی.
بەڵام کێشەکە ئەوەیە چێڵسی پێشتر کوکورێیای بە 50 ملیۆن یۆرۆ بە ریال مەدرید فرۆشتووە و هاوسەنگی دارایی بۆ یانەکە گەڕاوەتەوە، جیا لەوەش چابی ئاڵۆنسۆ پشتی بە ئێنزۆ فێرناندێز بەستووە، بەڵام خاڵی جەوهەریی ئەوەیە ئێنزۆ سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات و قورسە چێڵسی بتوانێت رێگری لە رۆیشتنی بکات.
گرێبەستێکی سەروو 100 ملیۆن یۆرۆیی؛
چێڵسی لە هاوینی 2022 ئێنزۆی لە بێنفیکاوە گواستەوە و بڕی 121 ملیۆن یۆرۆی لەپێناو گواستنەوەی خەرجکرد، بێگومان ریال مەدرید پێویستە ئۆفەرێکی سەروو 100 ملیۆن یۆرۆیی بۆ گواستنەوەی پێشکەش بکات چونکە ئێنزۆ گرێبەستێکی درێژخایەنی تاوەکوو هاوینی 2032 لەگەڵ یانە لەندەنییەکە هەیە. تانەنەت ئێنزۆ ئەمساڵ بەهۆی دەربڕینی خواستی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید لەلایەن چێڵسی سزادرا و چەند یارییەک راگیرا.
دوای سزادرانی ئێنزۆ، خاڤیێر پاستۆرێ، یاریزانی پێشووی پاریس سان جێرمان و بریکاری کارەکانی ئێنزۆ فێرناندێز لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی ئاس روونکردنەوەی لەسەر لێدوانەکەی ئێنزۆ دا.
راستە ئەو هەندێک لێدوانیدا کە بۆ ئەم کاتە زۆر گونجاو نەبوون، بەڵام هیچ شتێکی سەیری نەوت. تەنیا گوتی کە مەدریدی زۆر خۆشدەوێت. هەر کاتێک رۆژێک پشووی هەبێت، دێتە مەدرید چونکە من لەوێم و هاوڕێی لەوێ هەیە. بەڵام تەنیا ئەوەندەیە؛ هیچ شتێکی دیکە نییە. ئامانجەکە ئەوەیە ساڵەکە بە باشی لە چێڵسی کۆتایی پێبهێنێت، مۆندیالێکی باشی هەبێت و پاشان بزانین چی دەبێت.
ئەو لە زۆر شوێندا یاری دەکات. لە دوو ساڵی رابردوودا زۆر گۆڕاوە. لەگەڵ مارێسکا زۆر زیاتر لە پێشەوە یاریی کردووە. پاشان لەگەڵ رۆسێنیۆر زیاتر وەکوو یاریزانی دووانە ژمارە 5 یاریی کرد. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش زیاتر لە پێشەوە وەکوو ژمارە 8 یاری دەکات و دەگاتە ناوچەی سزا. دوو ساڵە ئەسیست و گۆڵی زۆری هەبووە، بۆیە ئاساییە راهێنەرەکان زیاتر وەکوو یاریزانێکی هێرشبەر دەیبینن نەوەکوو بەرگریکار. بەڵام دەتوانێت بە ئاسانی هەردوو رۆڵەکە بگێڕێت.
رۆژنامەی ئاس ئاماژەی بەوەش کردووە، ریال مەدرید بڕیاریداوە بەزووترین کات یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست و یاریزانێکی دڵی بەرگری بۆ جۆزێ مۆرینیۆ بگوازێتەوە، بەڵام پێویستە دەستبەرداری یاریزانێکی گەورە ببێت و یانەکە لەنێوان ئێدواردۆ کاماڤینگا و ئۆرێلیەن چوامێنی یەکێکیان دەفرۆشێت.
وەرن بیبەن؛ چێڵسی نرخی ئێنزۆ فێرناندێز بۆ ریال مەدرید دیاریی دەکات



