لە هەموو پێگەیەک یاری دەکات؛ ئێنزۆ هەر رۆژێک پشووی هەبێت دێتە مەدرید
خۆزگە لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە ریال مەدرید دەبووم

یاریگا –
چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕاستکارەکەی چێڵسی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە یەکێک بێت لە ناوە سەرەکییەکان. خاڤیێر پاستۆرێ، یاریزانی پێشووی پاریس سان جێرمان و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بریکاری کارەکانی ئێنزۆ فێرناندێزە و وەڵامی چەند پرسیارێکی میدیا مەدریدییەکان دەداتەوە.
بازاڕی ئەوروپا و ریال مەدرید زۆر بە وردی چاودێری ئێنزۆ فێرناندێز دەکەن. بارودۆخەکە چۆنە؟
دەنگۆی زۆر هەیە… بەڵام راستییەکە ئەوەیە هیچ شتێک روونادات. ئەو سەرنجی لەسەر ئەوەیە وەرزەکە بە باشترین شێوە لەگەڵ چێڵسی کۆتایی پێبهێنێت. راستە ئەو هەندێک لێدوانیدا کە بۆ ئەم کاتە زۆر گونجاو نەبوون، بەڵام هیچ شتێکی سەیری نەوت. تەنیا گوتی کە مەدریدی زۆر خۆشدەوێت.
بەڵام ئەوە وا لێکدراوەتەوە کە دەیەوێت بۆ مەدرید یاری بکات…
هەر کاتێک رۆژێک پشووی هەبێت، دێتە مەدرید چونکە من لەوێم و هاوڕێی لەوێ هەیە. بەڵام تەنیا ئەوەندەیە؛ هیچ شتێکی دیکە نییە. ئامانجەکە ئەوەیە ساڵەکە بە باشی لە چێڵسی کۆتایی پێبهێنێت، مۆندیالێکی باشی هەبێت و پاشان بزانین چی دەبێت.
ئێنزۆ لە کوێ دەگونجێت؟ ئەو چ جۆرە ناوەڕاستکارێکە؟ لە مەدرید دەبێتە یاریزانی ژمارە 8 یان 5؟
ئەو لە زۆر شوێندا یاری دەکات. لە دوو ساڵی رابردوودا زۆر گۆڕاوە. لەگەڵ مارێسکا زۆر زیاتر لە پێشەوە یاریی کردووە. پاشان لەگەڵ رۆسێنیۆر زیاتر وەکوو یاریزانی دووانە ژمارە 5 یاریی کرد. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش زیاتر لە پێشەوە وەکوو ژمارە 8 یاری دەکات و دەگاتە ناوچەی سزا. دوو ساڵە ئەسیست و گۆڵی زۆری هەبووە، بۆیە ئاساییە راهێنەرەکان زیاتر وەکوو یاریزانێکی هێرشبەر دەیبینن نەوەکوو بەرگریکار. بەڵام دەتوانێت بە ئاسانی هەردوو رۆڵەکە بگێڕێت.

ئەرجەنتینییەکی دیکە لە مەدرید بووەتە جێگەی باس، بەڵام بە هۆکاریی نەرێنی کە ماستانتونۆیە. چی روودەدات؟
ئەو منداڵێکی تەمەن 18 ساڵە… خۆزگە لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە ریال مەدرید دەبووم! ئەو بەهرەیەکی زۆری هەیە، بۆیە لەو شوێنەیە کە ئێستا لێیەتی. پێویستی بە کاتە، دەبێت خۆی بگونجێنێت. تیمەکەش پێویستە یارمەتی بدات تاوەکوو یاریی خۆی بکات. ئەو یاریزانێک نییە بە تەنیا جیاوازی دروست بکات، وەکوو ڤینیسیۆس جونیۆر یان کیلیان ئێمباپێ، بەڵکوو یاریزانێکە پێویستی بە هاوتیمەکانییەتی بۆ دروستکردنی یاری و بنیاتنانی هێرش بۆ گەیشتن بە ناوچەی سزای رکابەر. پێم وایە بە تێپەڕبوونی کات هەموومان ماستانتۆنۆی راستەقینە دەدۆزینەوە.
مۆندیال بۆ ئێنزۆ و ماستانتۆنۆ چۆن دەبینیت؟ ئەرجەنتین جارێکی دیکە پاڵێوراوە؟
بەڵێ، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەوان هەڵگری نازناوەکەن و تیمەکە زۆر باش یاری دەکات. لە دوایین یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال و یارییە دۆستانەکاندا، دەیانبردەوە. یاریزانەکان بە متمانەیەکی زۆرەوە دەگەنە پاڵەوانییەتییەکە. بێگومان، لەبەر ئەوەی ئەرجەنتینە، ئەوان پاڵێوراون، بەڵام زۆر تیمی دیکەش هەن لە ئاستێکی بەرزدان. بزانین یاریزانەکان چۆن دەگەن. هێشتا نزیکەی مانگێک لە کێبڕکێ ماوە، بەڵام هیوادارین هەمووان بە باشترین بارودۆخەوە بگەن.

ئەی ئیسپانیا؟ هیچ فینالیسیمایەک رووینەدا…
بەڕاستی جێگەی داخە، چونکە زۆر باش دەبوو پێش مۆندیال رووبەڕووی یەکدی ببینەوە و خۆمان لەگەڵ تیمێکی دیکەی پاڵێوراودا تاقی بکەینەوە. ئیسپانیا یاریزانی زۆر گەنج و زۆر بەهرەداری هەیە، بۆیە جێگەی داخە کە ئەوە رووینەدا. هیوادارم لە داهاتوودا رووبدات.
سەیری یاریی پاریس سانجێرمان و بایرنت کرد؟ رات چییە؟
لەناو فڕۆکەدا بووم، 25 خولەکی کۆتاییم بینی و یارییەکی سەرسوڕهێنەر بوو. دواتریش سەیرم کردەوە. ئەو جۆرە تۆپی پێیەیە کە هەموومان حەز دەکەین بیبینین. هەردوو تیمەکە زۆر هێرش دەبەن، گرنگ نەبوو کە پاریس 5-2 لە پێشەوە بوو؛ ئەوان بەردەوام بوون لە هێرشبردن. یارییەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. متمانەیەکی زۆرم بە پاریس هەیە، با بزانین دەتوانن بگەنە یارییەکی دیکەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.



