ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

نازانم و گوێشی پێ نادەم؛ قرشەکەی بارسێلۆنا بە لێدوانێک گومان دەخاتەسەر داهاتووی خۆی

روونی ناکاتەوە لە کوێ یاری دەکات

Yariga App

یاریگا –

هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا، کە گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2027 بەردەوامە، خۆی لە پێدانی وەڵامێکی روون لەسەر داهاتووی بەدوور گرت و رایگەیاند کە ئەو تەنیا خۆی لەوەدا دەبینێت کە بەیانی بەرامبەر کەیپ ڤێردی یاری بکات.

یەکێک لەو بابەتە چارەسەرنەکراوانەی کە دەبێت بارسێلۆنا لەم هاوینەدا کاری لەسەر بکات، داهاتووی فێران تۆرێسە. هێرشبەرەکە، کە وەرزێکی بەهێزی بەڕێکردووە، گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2027 لەگەڵ یانەکەیدا هەیە و هەردوولا پێویستە بگەنە رێککەوتن سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، راپۆرتە بڵاوکراوەکانی سکای سپۆرتس ناوی یاریزانەکەیان بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بەستووەتەوە. کاتێکیش پرسیاری داهاتووی لێکرا، فێران تۆرێس روونی نەکردەوە کە پێشبینی دەکات وەرزی داهاتوو لە کوێ یاری بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکی فێران مارتینێز، نێردراوی تایبەتی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە مۆندیال، سەبارەت بەوەی ئایا وەرزی داهاتوو خۆی لە بارسێلۆنادا دەبینێتەوە، فێران گوتی: “من خۆم لە یاریکردنی یارییەکەی بەیانی بەرامبەر کەیپ ڤێردیدا دەبینم.”

فێران تۆرێس، یاریزانی بارسێلۆنا

پێشتریش کاتێک پرسیاری لەسەر دەنگۆی گرنگیپێدانی پاریس سانجێرمان لێکرا، گوتی:

نازانم و گوێشی پێ نادەم. شتە گرنگەکە بەدەستهێنانی سێ خاڵەکەیە. بابەتەکانی دەرەوە لەم کاتەدا گرنگ نین. دڵخۆشم بە شێوازی بەڕێوەچوونی شتەکان و متمانەیەکی زۆرم بەخۆم هەیە.

هەروەها روونی کردەوە کە هیچ پێشینییەکی نییە سەبارەت بەوەی لە چ پێگەیەکی هێڵی هێرشبەریدا یاری بکات و لە هەر شوێنێک بەکاربهێنرێت هەست بە ئارامی دەکات. لەو بارەیەوە تۆرێس گوتی:

کاتێک لەنێو یاریگادایت، هەمیشە ئاسوودەیت. من دەتوانم لە هەر سێ پێگەکەی هێڵی هێرشبەریدا یاری بکەم. راهێنەر بڕیار دەدات.

فێران بڕیاریدا باسی دەنگۆکانی گواستنەوە نەکات و سەرنجی خۆی بە تەواوی لەسەر یاریی داهاتووی ئیسپانیا لە مۆندیال بەرامبەر کەیپ ڤێردی هێشتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button