زانیاریی لەسەر کۆدەکرێتەوە؛ یانەیەک لەسەر داوای راهێنەرەکەی هەوڵی گواستنەوەی تێر شتیگن دەدات
پەیوەندییەکی باش لەنێوانیان هەیە

یاریگا –
میشێل داوای گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکەی کردووە بۆ پڕۆژەکەی و یانەکە چاودێریی چاکبوونەوەی دەکات.
ئەیاکس بەدوای گۆڵپارێزێکدا دەگەڕێت، بەگوێرەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆش، ئەو گۆڵپارێزەی کە میشێل، راهێنەرە نوێیەکەیان دەیەوێت، مارک ئاندرێ تێر شتیگنە. گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، کە تاوەکوو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەیدایە لەو پێکانەی رانی چەپی کە پێویستی بە نەشتەرگەری بوو.
تێر شتیگن لە کاتی یاریکردن بۆ جیرۆنا لە یارییەکدا لە یاریگای ئۆڤیێدۆ لە 31ـی کانوونی دووەمدا تووشی پێکانەکە بوو. دوای زانینی رادەی پێکانەکە و راوێژکردن لەگەڵ دەستەی پزیشکی هەم بارسێلۆنا و هەم جیرۆنا، بڕیاریدا نەشتەرگەری بکات. لە مانگی شووباتدا نەشتەرگەرییەکەی بۆ کرا و پاشان دەستی بە پڕۆسەی چاکبوونەوەی کرد لە دامەزراوەکانی مەشقی بارسێلۆنا. کاتێک توانی، لە یارییەکانی جیرۆنا ئامادەبوو چونکە بە فەرمی تاوەکوو کۆتایی وەرزەکە یاریزانی جیرۆنا بوو.

کاتێک میشێل گرێبەستی لەگەڵ ئەیاکس واژۆ کرد، بە بەڕێوەبەرانی وەرزشی یانەکەی گوت کە ئەگەر بوار هەبێت دەیەوێت تێر شتیگنی هەبێت، بەهۆی کوالێتی، ئەزموون، سەرکردایەتی و ئەو پەیوەندییە باشەی کە لە جیرۆنا لە نێوانیاندا دروستبوو سەرەڕای پێکانی گۆڵپارێزەکە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، گۆڵپارێزەکەی بارسێلۆنا بە بێفیزییەکی زۆرەوە گەیشتە ژووری خۆگۆڕینی جیرۆنا و پێوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ راهێنەرەکەدا دروستکرد. لە دوای داواکارییەکەی میشێل، ئەیاکس دەستبەجێ دەستی بە کارکردن کرد. هەنگاوی یەکەم بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی دۆخی جەستەیی تێر شتیگن، کە ئەمەش شتێکی رەوایە بە رەچاوکردنی مێژووی پێکانەکانی ئەم دواییەی، لەوانەش دوو پێكانی پشت، کێشەی بەستەری ئەژنۆ و پێکانەکەی رانی.
شایەنی بیرهێنانەوەیە کە ئەیاکس ئێستا جۆردی کڕۆیف، میشێل و دەستەی راهێنەرانی لە یانەکەدا هەیە. هەموو ئەوانە پەیوەندی باشیان لەگەڵ کەسانی نێو بارسێلۆنادا هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت بۆ پێش وەرز ئامادە بێت
واقیعەکە ئەوەیە کە تێر شتیگن لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەیدایە و بارسێلۆنا چاوەڕێ دەکات لە 13ـی تەممووزدا مۆڵەتی پزیشکی وەربگرێت، کاتێک مەشقەکانی پێش وەرز دەست پێ دەکەن.
دوای ئەوە، دەمێنێتەوە بزانرێت پلانەکانی گۆڵپارێزەکە چی دەبن. لەبەر ئەوەی خوان گارسیا بۆ یەکەمین یەکەی مەشق و راهێنان بەردەست نابێت بەهۆی پشووەکانی دوای مۆندیال، تێر شتیگن دەتوانێت لە سەرەتادا رۆڵێکی گەورەتری هەبێت و رەنگە بڕیار بدات چاوەڕوان بکات و ببینێت هانزی فلیک دەیەوێت چ رۆڵێکی پێ ببەخشێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە وەرزی رابردوودا ئەوەی روون کردەوە کە خوان گارسیا گۆڵپارێزی یەکەمی بوو، لە کاتێکدا چێزنی وەکوو بژاردەی دووەم سەیر دەکرا.



