هێرشبەرێکی قوە جەوییە ریزی یانەکەی جێهێشت
گۆڵکاری پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق گرێبەستەکەی نوێکردەوە

یاریگا –
قوە جەوییە توانای هێرشبەرێکی پیشەگەری لە دەستدا و گرێبەستی گۆڵکاری تیپەکەشی نوێکردەوە.
بە شێوەیەکی فەرمی عیسام عەبدوڵا سوبحی، هێرشبەری عومانی یانەی قوە جەوییە ریزی تیپەکەی جێهێشت و گرێبەستی لەگەڵ تای بۆرتی تایلاندی واژۆکرد، یانە تایلاندیەکە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی لە خول بەدەستهێناوە و وەرزی داهاتوو بەشداری چامپیۆنس لیگی ئاسیا دەکات.
عیسام سوبحی، وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی جەوییە بووە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یاریزانە عومانیەکە توانی 11 گۆڵ تۆمار بکات و سێ ئەسیستیش لە تەواوی خولەکە بکات.
ئەمڕۆش جەوییە بە فەرمی گرێبەستی محەمەد جەواد گۆڵکاری تیپەکەی لە وەرزی رابردوو نوێکردەوە، چەند رۆژێکە دەنگۆی رۆیشتنی یاریزانەکە بۆ یانەی گەڕمە بڵاو بووبوویەوە، بە مەش سنورێک بۆ دەنگۆیەکان دانرا، محەمەد جەواد، وەرزی رابردوو توانیبووی 15 گۆڵ بۆ یانەکە تۆمار بکات.




