گرێبەستی دومفریس بۆ ریال مەدرید ئامانجێکی بارسێلۆنا دوور دەخاتەوە
ئەو زنجیرە رووداوە ئەگەری گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا کەمتر دەکاتەوە

یاریگا –
ئینتەر میلان ئارەزووی بۆ مارکۆ پالێسترا نیشانداوە، کە یەکێکە لەو بەرگریکارانەی لە ئەگەری رۆشتنی ژوول کوندێ لە یانەکە، بەشی وەرزشیی بارسێلۆنا چاودێریی دەکات.
یەکێک لەو ناوانەی بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگرییەکەی هێناویەتە بەرچاو، مارکۆ پالێسترایە، بەرگریکاری باڵی ئیتالیی تەمەن 21 ساڵ کە دەتوانێت لە هەردوو باڵی راست و چەپدا یاری بکات. یاریزانەکەی ئاتالانتا، کە ئەم وەرزەی بە خواستن لە کالیاری بەسەر برد، تەنیا لەژێر چاودێری بارسێلۆنادا نییە لە ئەگەری رۆشتن یان فرۆشتن لە هێڵی بەرگریدا، بەڵکوو سەرنجی چەندین یانەی سێریا ئەی و پرێمەرلیگیشی راکێشاوە.
پالێسترا پێشتر نوێنەرایەتی ئیتالیای کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو ئارەزووی ئینتەر میلانی زیاد کردووە، کە پێداگرن لەسەر واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیدا دوای فرۆشتنی پێشبینیکراوی دومفریس بۆ ریال مەدرید.
ئەو زنجیرە رووداوە ئەگەری گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا کەمتر دەکاتەوە.

لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، بەهای پالێسترا دە هێندە زیادی کردووە و بەهای بازاڕی ئێستای بە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت. ئەو بەرگریکارە بە هەمان شێوە ناو بە مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ و یوڤێنتوسیشەوە بەستراوەتەوە.
ئەوەی کە ئایا بارسێلۆنا هەوڵی هێنانی دەدات یان نا، بەندە بە داهاتووی ژوول کوندێ و ئەلیخاندرۆ بالدێ، هەروەها دانوستانەکانی یانەکە لەگەڵ هیلال سەبارەت بە جواو کانسێلۆ. بارسێلۆنا ئەوی بەدڵە بەهۆی توانای تەکنیکی، ئاسوودەیی بە بەکارهێنانی هەردوو پێی، خێرایی و هێزی جەستەیی. هەروەها وەکوو پسپۆڕێک دادەنرێت کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ناردنی تۆپی بەرز بۆ ناوچەی سزا.
بۆ ئێستا، بەشی وەرزشیی بارسێلۆنا پلانی هەیە هێڵی بەرگریی ئێستا وەکوو خۆی بهێڵێتەوە بەهۆی نەبوونی ئۆفەر بۆ یاریزانەکانی، ئەگەرچی ئەوان چاوەڕوانی جووڵە دەکەن لە بازاڕەکەدا پێش داخرانی دەرگای گواستنەوە.



