
یاریگا –
لەگەڵ وەستانی دانوستانەکان و نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنی جامی جیهانیی 2026، داهاتووی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە ریال مەدرید پێی ناوەتە قۆناخێکی تەواو هەستیار.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، داهاتووی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید ناڕوونە و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دەکەوێتە دوای مۆندیال.
گومانەکانی پێرێز و هەڵپەساردنی دانوستانەکان
“ڤینیسیۆس گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە؟” ئەم پرسیارە لە کاتی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا و لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی یانەکە، لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی کرا. سەرۆکی یانەی شاهانە لە وەڵامدا گوتی؛
نەخێر، نازانم، ئەگەر رای من دەپرسن، هیوادارم بمێنێتەوە، ئەو یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان.
ئەم لێدوانە دەریدەخات کە دۆسیەکە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە. نزیکەی 10 مانگ بەسەر پچڕانی دانوستانەکانی نێوان ئەستێرە بەڕازیلییەکە و کارگێڕیی لۆس بلانکۆس تێپەڕیوە. دوای مۆندیالی یانەکان و دەستنیشانکردنی چابی ئاڵۆنسۆ وەکوو راهێنەری یانەکە، هەموو شتێک راگیرا و ئێستا تەنیا حەوت مانگ ماوە بۆ ئەوەی ڤینیسیۆس مافی ئەوەی هەبێت بە فەرمی گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە بکات کە بیەوێت.

چۆن مۆندیال داهاتووی ڤینی دەگۆڕێت؟
لە کاتێکدا پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید بەردەوامە و چەندین ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە ماون کە بکرێن لە نێویاندا داواکارییەکانی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ گواستنەوەی یاریزان، مۆندیال کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دۆخەکە دەبێت.
ئەگەر درەوشایەوە؛ پێگەی یاریزانەکە لە دانوستانەکاندا زۆر بەهێزتر دەبێت و بەهۆی مانەوەی تەنیا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی، دەبێتە ئامانجێکی گەورە و سەرنجڕاکێش بۆ زلهێزەکانی ئەوروپا.
ئەگەر ئاستی دابەزی؛ مێرێنگی پێگەی خۆی لە سەپاندنی مەرجەکانی بەهێز دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهای یاریزانەکەش دادەبەزێت، کە رەنگە کارگێڕیی یانەکە ناچار بکات بیر لە فرۆشتنی بکاتەوە بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ کڕینی یاریزانانی نوێ دابینبکات.
کێشە داراییەکان و سێبەری ئێمباپێ
سەرەڕای ئەوەی هەردوولا ئارەزووی بەردەوامبوون دەکەن و تاوەکوو ئێستاش قسەی ئەرێنی لەسەر یەکتر دەکەن، بەڵام جیاوازییە داراییەکان هۆکاری سەرەکین. پێشتر ڤینیسیۆس داوای نزیکەی 33 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر وەرزێک دەکرد، بەڵام دواتر داواکارییەکانی زۆر کەمکردەوە.
ئێستا، ڤینیسیۆس ساڵانە 16.4 ملیۆن دۆلاری پوخت وەردەگرێت، کە هاوتایە لەگەڵ مووچەی بنەڕەتی کیلیان ئێمباپێ، بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە ئەستێرە فەرەنسییەکە پاداشتێکی واژۆکردنی زەبەلاحی [بە بڕی 44 ملیۆن دۆلار] وەرگرتووە کە بەسەر ساڵەکانی گرێبەستەکەیدا دابەش دەبێت. ڤینیسیۆس، کە لە خوارەوە دەستیپێکردووە و خۆی گەیاندووەتە لووتکە، دەیەوێت بەها و نرخی راستەقینەی خۆی پێبدرێت و داهاتەکەی بە لایەنیکەمەوە هاوتای داهاتی ئێمباپێ بێت و پێدەچێت ئەم گڕێبەستە تەنیا لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال یەکلایی بکرێتەوە.



