مارک کوکورێیا چێڵسی جێدەهێڵێت؛ چوار زلهێزی ئەوروپا لەسەر هێڵن
چێڵسی دەرگای رۆیشتنی بۆ دەکاتەوە

یاریگا –
پێدەچێت هاوینی شینپۆشەکانی لەندەن پڕ بێت لە گۆڕانکاریی گەورە؛ مارک کوکورێیای بەرگریکاری ئیسپانی، دوای وەرزێکی تاقەتپڕوکێن کە تێیدا چێڵسی لە پلەی دەیەمی پرێمەرلیگ جێگیر بوو، بڕیاری خۆیداوە و ئامادەیە لەم هاوینەدا رێگایەکی نوێ تاقیبکاتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کوکورێیا هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی نوێکردەوە [کە تاوەکوو ساڵی 2029 بەردەوامە]، بەڵام ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ نیشتمانەکەی هەیە.
تۆڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کارگێڕیی چێڵسی لەم دۆسیەیە تەواو هێمنانە رەفتار دەکەن و رێگری لە رۆیشتنی یاریزانەکە ناکەن، بەڵام بەو مەرجەی ئەو ئۆفەرەی پێشکەش بکرێت کە هاوتای ئەو نرخە بێت خۆیان لەسەر بەرگریکارەکەیان داناوە.
⚡️Cucurella willing to leave Chelsea, club not blocking it for right price
➕Barcelona and Atletico in touch with camp
➕Inbound City boss Maresca an admirer
➕Real Madrid looking for a LB but move/finances unclear@polballus@SJohnsonSport@TheAthleticFChttps://t.co/MSlrdtUp8c— Mario Cortegana (@MarioCortegana) June 1, 2026
بۆرسەی گەرمی کوکورێیا؛ کێ کێبڕکێی گواستنەوەی دەکات؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، چەندین یانەی ناودار لە رێگەی بریکارەکانییەوە پەیوەندییان بە دەوروبەری کوکورێیاوە کردووە؛
بارسێلۆنا
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی و هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە لە هاندەرانی سەرسەختی ئەم یاریزانەن، بەڵام پێشکەشکردنی هەر ئۆفەرێک بەستراوەتەوە بە فرۆشتنی یەکێک لە بەرگریکارەکانی یانەکەیان ،وەکوو ئالیخاندرۆ باڵدێ یان ژووڵ کوندێ.
ئاتلێتیکۆ مەدرید
دیێگۆ سیمۆنی کڕینی بەرگریکارێکی چەپی کردووەتە پێشەنگی کارەکانی و کوکورێیا لە لووتکەی خواستەکانیدایە. ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە دانوستانەکانی دەستپێکردووە و ئەوان چانسی هەرە زۆریان هەیە، چونکە پێویستیان بە فرۆشتنی پێشوەختەی یاریزان نییە.
ریال مەدرید
یانەی شاهانەش بە دوای بەرگریکارێکی چەپدا دەگەڕێت و پێگەی کوکورێیا بەرز دەنرخێنێت، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا لە رووی داراییەوە جووڵەی فەرمی بۆ دەکەن یان نا.
مانچێستەر سیتی
ئینزۆ مارێسکا، راهێنەری نوێی مان سیتی کە لە چێڵسی پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ کوکورێیادا هەبوو، ئارەزووی گواستنەوەی دەکات. بەڵام سیتی رایگەیاندووە کە ئێستا بەهۆی درەوشاوەیی نیکۆ ئۆڕیلی، پێویستیان بە بەرگریکاری نوێ نییە لەو پێگەیە.
ململانێی چابی ئاڵۆنسۆ و دەرکەوتنی جۆڕڵ هاتۆ
چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری نوێی چێڵسی کە لەم هاوینە بە فەرمی دەستبەکار دەبێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار پەیوەندی بە کوکورێیاوە کردووە بۆ ئەوەی بڕوای پێبهێنێت لە پڕۆژە نوێیەکەدا بمێنێتەوە و دەیەوێت یاریزانەکە رابگرێت، بەڵام باش دەزانێت کە کوکورێیا مێشکی لە شوێنێکی دیکەیە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمخەمخۆریی چێڵسی لە فرۆشتنی کوکورێیا، گەشەسەندنی خێرا و بێوێنەی یاریزانی لاوی هۆڵەندی، جۆڕڵ هاتۆیە، کە هاوینی رابردوو لە ئەیاکسەوە رووی لە لەندەن کرد. درەوشاوەیی هاتۆ وایکردووە کارگێڕیی یانەکە کوکورێیا وەکوو یاریزانێکی دەستلێنەدراو تەماشا نەکات.



