
یاریگا –
ژمارەی نازناوەکان دەیسەلمێن کە ئێستا کۆڵەکەی ئەشرەف حەکیمی رەنگینترین کۆڵە لەنێو مێژووی سەرجەم یاریزانەکانی کیشوەری ئەفریقا.
شەوی رابردوو حەکیمی توانی بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک لەگەڵ پاریس سانجێرمان ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ. کە ئەوە نازناوی سێیەم بوو بۆ ئەستێرە مەغریبیەکە کە یەکەمین نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بوو لە ساڵی 2018.
گەیشتنی ئەشفرەف بەم ئاست و ئەنجامانە هەروا بە رێگەیەکی گوڵرێژدا نەبوو، بەڵکوو رووبەڕووی زۆر ئاڵنگاریی بووەوە و تا گرەوی خۆی بردەوە.
ئەشرەف کە ئێستا تەمەنی 27 ساڵە، لاوێتی لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێکرد. لە ساڵی 2017 وەک پیشەگەر سەرخرا بۆ تیمی یەکەمی شاهانەکان. بەڵام بەهۆی زۆریی رکابەر لە پێگەی بەرگری لای راست، بواری پێنەدرا وەک سەرەکیی دەربکەوێت. هەربۆیە لە 2018-2020 بەخواستن نێردرایە ریزەکانی بڕوسیا دۆرتموند. مەدریدی بە بردنەوەی چوار نازناوەوە جێهێشت. لەوێ لە ریزی یانە ئەڵمانییەکە تواناکانی کۆی سەلماندەوە و جامی سوپەری ئەو وڵاتەی بردەوە.
دواتر لە هاوینی 2020، ریال مەدرید لە بەرامبەر تەنها 40 ملیۆن یۆرۆ ئەو گەوهەرە عەرەبیە-ئەفریقیەی بەیەکجاریی فرۆشتە یانەی ئینتەر میلان. ئەگەرچی گرێبەستی ئەشفرەف لەگەڵ ئینتەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو، کەچی دوای ساڵێک لە یانە ئیتاڵیەکە جیابووەوە، بەڵام بە نازناوێکی خولی ئەو وڵاتەوە.
حەکیمی لە هاوینی 2021 بە بڕیی 60 ملیۆن یۆرۆی جێگیر و 11 ملیۆنی دیکەی پاداشتەکان، پەیوەندە بە پاریس سانجێرمان کرد. و لە فەڕەنسا دەستیکردە چنینەوەی نازناو لەدوای نازناوە یەک لەدوای یەکەکان و تا ئێستا 13 نازناوی بردووەتەوە کە دیارترینیان دوو چامپیۆنزلیگ و پێنج خولی فەڕەنسیە یەک لەدوای یەک. بەوەش سەرجەم نازناوەکانی کاروانی وەرزشی خۆی گەیاندووەتە 19. بەفەرمی پێش هەریەکە لە دوو ئەفسانەی کیشوەری ئەفریقا یایا تۆرێ و ساموێل ئیتۆ کەوت کە ئەوان خاوەنی 18 نازناون و وازیان لە یاریکردن هێناوە.
African players with most trophies ever 🌍🏆
🇲🇦 ACHRAF HAKIMI (19)
🇨🇲 Samuel Eto’o (18)
🇨🇮 Yaya Touré (18) pic.twitter.com/uyWuDl1fNe— Ligue 1 English (@Ligue1_ENG) May 30, 2026
شایەنی بیرهێنانەوەیە، جیا لە دەستکەوتەکانی لەسەر ئاستی یانە، هاوکات حەکیمی لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریبیش لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەفریقی وەک پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەو کیشوەرە بۆ ساڵی 2025 ناسێنران. ئەوەش دوای رووداوەکەی فیناڵ لەگەڵ سەنیگال کە تۆڕی وەرزشی یاریگا لە رووماڵەکانی رۆژانەی خۆیدا زانیارییەکانی بۆ خوێنەرانی گواستووەتەوە:
فەرمی؛ جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە سەنیگال سەندرایەوە و مەغریب وەک پاڵەوان هەژمارکرا
بەڵام بابەتەکە هێشتا لەلایەن سەنیگالیەکانەوە سکاڵای لەسەرە و دادگای باڵای وەرزشی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات. ئەگەرچی تا ئێستا مەغریب وەک پاڵەوان ناسێنراوە. بەوەش ژمارەی نازناوەکانی حەکیمی دەبێتە 20 نازناو.



