
یاریگا –
خەونی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی بۆ ریال مەدرید خەریكە دەبێتە راستی، هەرچەندە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی یانەكە هەمووشتێكی بە كاتی راگرتووە.
راهێنەرە پۆرتوگالییەكە چاوەڕێی ئەنجامەكان ناكات و راپۆرتی تەكنیكی خۆی بۆ دەسكاریكردنی پێكهاتەی بنەڕەتی یانەكە پێشكەشكردووە.
مۆرینیۆ لە هاوینی 2010 تاوەكوو 2013 راهێنەری ریال مەدرید بووە و دەیەوێت لە خولی دووەمیش راهێنەرایەتی ئەو یانەیە بكات و یانەكە لە قەیرانەكان رزگار بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ئاس، رێككەوتنی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و جۆزێ مۆرینیۆ گەیشتووەتە قۆناخی كۆتایی، ئێستا هەموو شتێک لە چاوەڕوانی ماوەتەوە تاوەكوو ئەو كاتەی پێرێز هەڵدەبژێردرێتەوە.
بەڵام مۆرینیۆ داواكارییەكانی بۆ بەهێزكردنی پێكهاتەكەی گەیاندووەتە ریال مەدرید، راهێنەرە پۆرتوگالیەكە ناوی یاریزانی دیاریكراوی نەهێناوە بەڵام ئەو پێگانەی دیاریكردووە كە دەیەوێت بەهێزیان بكات.
ئەو پێگانەی مۆرینیۆ هەوڵی بەهێزكردنی دەدات
- دڵی بەرگری، بۆ پتەوكردنی دڵی بەرگری داوای یەک یان دوو یاریزان دەكات.
- باڵەكان، بۆ پتەوكردنی باڵی بەرگری داوای یەک یان دوو یاریزان دەكات.
- ناوەڕاست، دەیەوێت ناوەڕاستكارێکی هەبێت ركابەری چوامینی بكات و هەروەها ناوەڕاستكارێكی دەوێت كە داهێنەر بێت و یاریی درووستبكات.
مۆرینیۆ ئەم راپۆرتەی دوای شیکردنەوەی یارییەکانی کۆتایی وەرز و بارودۆخی یاریزانەکانی ئێستای یانەکە ئامادە کردووە، ئەو پێی وایە یاریزانێکی ناوەندی داهێنەر، هاوشێوەی فرێدریک ئارسنەسی نەرویجی کە لە بێنفیكا هەیبوو، کلیل و بنەمای سەرکەوتنە، چونکە یاریزانێکی لەو شێوەیە لە مەدریدی ئێستا بوونی نییە، دەربارەی هێڵی هێرشبەریش، پێی وایە گۆڕانکارییەکی زۆری ناوێت.
مۆرینیۆ بە دوو مەرج ئامادەبوو بگەڕێتەوە ریال مەدرید، یەكەمیان دەسەڵاتی تەواوی لە دیارییكردنی پێگەی یاریزانان و ئەو شوێنانەی پێوویستیان بە گۆڕانكاریە دیاری بكات، دووەم رێز لە پێكهاتەی كارگێڕی یانەكە بگیرێت و دەستوەردان لە كارەكانیدا نەكرێت.



