ئیسپانیاگرنگترین

با دیبەیت بکەین؛ ئێنریکێ کاتی پڕۆژەکەی رادەگەیەنێت و هێرش دەکاتە سەر پێرێز

ئەمە نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆیە؟

Yariga App

یاریگا –

بەربژێری سەرۆکایەتیی ریال مەدرید لە یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە هێرش دەکاتە سەر پێرێز.

ئێنریکێ ریکێلمی، بەیانیی زوو گەیشتە بارەگای سەرەکیی دەستەی بەربژێرییەکەی لە نزیک یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دوای ماوەیەکی کورت قسەی بۆ ئەو میدیایانە کرد، کە لە دەرەوەی نووسینگەکەی کۆببوونەوە. بەربژێرەکە لە یەکەم رۆژەوە بە توندی هێرشیی دەست پێ کرد؛ رەخنەی لە نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆ گرت چونکە پێی وایە لە بەرژەوەندیی ئەندامانی یانەکە دیزاین نەکراوە، هەروەها سەبارەت بەو پۆستەرە گەورەیە کرد کە فلۆرێنتینۆ پێرێز هەڵیواسیوە پەیامێکی ناڕاستەوخۆشی نارد و گوتی: “لە میراتی مەدرید هەشت جامی دیکەی ئەوروپا هەن”. لە کۆتاییشدا رایگەیاند کە رۆژی چوارشەممە پڕۆژەیەکی تایبەت بە ئەندامان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکات.

ئێنریکێ ریکێلمی گوتی:

دوێنێ پێیان راگەیاندین کە ئێمە بە فەرمی بەربژێرین بۆ سەرۆکایەتیی ریال مەدرید. پێم وایە ئەمە شتێکی زۆر گرنگ و دیموکراتییە بۆ مەدریدیستاکان؛ دەرفەتێک هەیە بۆ گفتوگۆ لەنێوان دوو پڕۆژەی جیاوازدا و ئەندامان دەتوانن دوای 20 ساڵ جارێکی دیکە دەنگ بدەنەوە. ئەمە هەم میراتە و هەم داهاتوو. میراتە چونکە دەمانەوێت ببێتە بنەمای داهاتووی مەدرید، نەوەکوو تەنیا لەبەر ئەو حەوت جامی ئەوروپایەی کە لەسەر پۆستەرێک نووسراون، چونکە هەشت جامی دیکەش هەن کە بەشێکن لە مێژووی ریال مەدرید. داهاتووش دەبێت لەسەر بنەمای ئەندامان بێت، کە یەکێکە لە گرووپە هەرە فەرامۆشکراوەکانی یانەکە. بوون بە ئەندام لە مەدریددا چ سوودێکی هەیە؟ جگە لە شکۆ و شانازیی گەورە، تەنیا 15% داشکاندن لەسەر درێسەکان و ئەوانەشی بلیتی وەرزییان هەیە مافیان هەیە، ئەی دوای ئەوە چی دیکە هەیە؟

ئێنریکێ ریکێلمی، بەربژێری سەرۆکایەتیی ریال مەدرید

ریکێلمی بە توندی رەخنەی لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆ گرت و گوتی:

دوای نۆژەنکردنەوەکە بە بەهای 1.7 ملیار یۆرۆ، کورسییەکانی بێرنابیۆ لەیەکتر نزیکتر و بچووکتر کراونەتەوە. نە باڕێکی گونجاو هەیە، نە دەستشۆری پێویست؛ دەبێت 10 خولەک پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم یاریگاکە جێبهێڵیت تەنیا بۆ ئەوەی بتوانیت خواردنەوەیەک و لەفەیەک بکڕیت. ئایا ئەمەیە ئەو نۆژەنکردنەوە گەورەیەی بە 1.7 ملیار کرا؟ لەم قۆناخی یەکەمەدا، ئێمە دەمانەوێت سەرەتا گوێ لە ئەندامان بگرین، بەڵام دەتوانم لە ئێستاوە رایبگەیەنم کە ئەم چوارشەممەیە بانگهێشتی هەمووتان دەکەین بۆ راگەیاندنی گەورەترین پڕۆژەی گۆڕانکاری بۆ ئەندامانی ریال مەدرید. بە جیاوازییەکی زۆر، ئەمە دەبێتە گەورەترین پڕۆژە بۆ ئەندامان و هیوادارین پێی سەربەرز بن. ئێمە دەزانین لایەنە وەرزشییەکەش زۆر گرنگە و پێشتریش گوتوومانە کە تیمی وەرزشیمان بەهێزە، بەڵام داوام لێ مەکەن ئێستا هەموو شتێک ئاشکرا بکەم، کەم کەم باسی دەکەین.

داواکردنی دیبەیت لە فلۆرێنتینۆ پێرێز

ئەم بەربژێرە سوودی لە لیستەکەی لویس دێلا فوێنتێ بۆ تیمی نیشتمانیی ئیسپانیا وەرگرت، تاوەکوو نیگەرانیی خۆی لەسەر کەمبوونەوەی نوێنەرایەتیی یانە شاهانەییەکە دەرببڕێت و گوتی:

جگە لەوە، هیوادارم لەم پانزە رۆژەی داهاتوودا بتوانن رووماڵی هەموو ئەو کارانە بکەن کە دەیکەین. لیستی تیمی نیشتمانی بڵاودەبێتەوە و دەبینین کە لە باشترین دۆخدا تەنیا یەک یاریزانی ریال مەدرید لە بانگهێشتنامەکەدا دەبێت، لە کاتێکدا رکابەرە سەرەکییەکانمان تەواوی لیستەکە پڕ دەکەنەوە. ئەگەر ئەندامان متمانەمان پێ ببەخشن، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەوە بگۆڕین و ئەستێرە گەورەکانی مەدرید بگەڕێنینەوە بۆ تیمی نیشتمانی تاوەکوو خەڵک شانازییان پێوە بکات.


له کۆتاییدا، ریکێلمی داوای دیبەیتێکی رووبەڕووی لە فلۆرێنتینۆ پێرێز کرد و گوتی:

سەرۆک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا داوای پڕۆژە و گەرەنتی کرد، گەورەترین گەرەنتی دارایی پێشکەشکراو لە مێژوو و داوای دیبەیتی کردبوو. ئێستا هەموو هەنگاوەکان تەواو بوون و ئەوەی داوای دەکەین تەنیا ئەو دیبەیتەیە. دەمانەوێت بە شێوازێکی تەندروست بەڕێوە بچێت، ئێمە دژی هیچ کەسێک نین و هیوادارم دیبەیت بکەین لەپێناو ئەوەی چ شتێک بۆ مەدرید باشترینە و چاوەڕێی هەواڵی نوێین لەسەر ئەم بابەتە.

بابەتی زیاتر

Back to top button