
یاریگا –
مارکوس راشفۆرد، هێرشبەری ئینگلیزی کە ئێستا بە خواستن لە یانەی بارسێلۆنا یاریی دەکات، ناچار بوو بێتە دەنگ و روونکردنەوە بدات دوای ئەوەی لەلایەن هاندەرانی مانچێستەر یونایتدەوە هێرشی کرایە سەر، ئەمەش رێک دوای ئەوەی ناوی لە لیستی کۆتایی تۆماس تۆخێل بۆ مۆندیالی 2026 جێگیرکرا.
پۆستەکەی ئینستاگرام کە هاندەرانی تووڕەکرد
هەموو شتێک کاتێک دەستیپێکرد کە راشفۆرد دڵخۆشی خۆی بە بەشداربوونی لە مۆندیال دەربڕی و لە ستۆری ئینستاگرامەکەیدا نووسی؛
سوپاسی تایبەت بۆ ئۆنای ئیمری، هانزی فلیک، تۆماس تۆخێل، ئاستۆن ڤیلا، بارسێلۆنا و ئینگلتەرا کە لە کاتە سەختەکاندا بڕوایان پێ کردم.
هەر زوو هاندەرانی شەیتانە سوورەکان تێبینی ئەوەیان کرد کە راشفۆرد هیچ ناوێکی لە مان یونایتد یان کەسایەتییەکانی ئەو یانەیە نەهێناوە کە هێشتا گرێبەستی لەگەڵیاندا هەیە تاوەکوو ساڵی 2028 و مووچەکەی دەدەن.
هاندەرێک نووسیبووی؛ ئەی کوا سوپاسگووزاریت بۆ مان یونایتد؟ یەکێکی دیکە بە توندی رەخنەی گرت و نووسیبووی؛ بێڕێزییەکی تەواوە بۆ ئەو یانەیەی کە تۆی دروستکرد.
هاندەرێکی دیکەش بە گاڵتەجاڕییەوە نووسیویەتی؛ هیچ ناوێک لە یانەی منداڵییەکەت نییە؟ زۆر یاریزانێکی ناپیشەگەریت.
وەڵامی خێرای راشفۆرد
دوای ئەو هێرشە توندە، راشفۆرد خێرا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X پەیامێکی بڵاوکردەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و نووسی؛
بۆ ئەوەی ستۆرییەکەی ئینستاگرامم روونبێت؛ ئەمە بە هیچ شێوەیەک تانەدان نییە! من هاندەری مانچستەر یونایتدم و وەکوو خۆم دەمێنمەوە. من تەنیا سوپاسگوزاری خۆم بۆ ئەو یانە و راهێنەرانە دەربڕی کە لە 18 مانگی رابردوو کاریان لەگەڵ کردووم، چونکە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لەم بانگهێشتکردنەم بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.
To make my IG story clear. It’s not a dig of any sort! I’m a MU supporter, and that remains. I was showing gratitude to the clubs and coaches that I have worked with over the past 18 months, they have played a big role in this 🏴 call up.
— MR14 (@MarcusRashford) May 22, 2026



