ئینگلتەراگرنگترینمۆندیالی 2026

تەلەفۆنە شۆککەرەکانی تۆخێل؛ چۆن راهێنەرە ئەڵمانییەکە ژووری خۆگۆڕینی ئینگلتەرای پاککردەوە؟

ناوە گەورەکان کرانە قوربانیی مۆندیال

Yariga App

یاریگا –

تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئەڵمانیی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بە بڕیارە توند و بێبەزەییەکانی، زریانێکی گەورەی لە ناوەندی وەرزشیی بەریتانیادا دروستکرد.

لە رۆژان و کاتژمێرەکانی پێش راگەیاندنی لیستی کۆتایی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ مۆندیالی 2026، تۆخێل نزیکەی 50 پەیوەندی تەلەفۆنی کرد؛ هەندێکیان مژدەی خۆشیان تێدابوو، بەڵام هەندێکی دیکەیان بوونە هۆی دروستبوونی شۆک و تووڕەیی لەنێو یاریزانە گەورەکان.

بڕیارە هەرە شۆککەرەکانی تۆخێل، هێڵکارییەکانی گۆڕی؛ فیل فۆدن و کۆڵ پاڵمەر کە دوو لە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی ئینگلتەران، بەهۆی دابەزینی ئاست و پێکانەوە بێبەشکران. هاوکات ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری ریال مەدرید، شوێنی لە فڕۆکەکەی ئەمریکادا نەبووەوە. گەورەترین دراماش لە دەوری هاری ماگوایەر خولایەوە، کە دوای بیستنی هەواڵەکە رایگەیاند شۆک و وێران بووە، کاردانەوەیەک کە تۆخێل بە ناپێویست پێناسەی کرد.

سەرسوڕهێنەرترین بڕیار، گەڕانەوەی ئیڤان تۆنی بوو لە خولی سعوودیەوە. تۆخێل کە پێشتر لە کەمپی 2025 بە تەواوی لە رەفتاری تۆنی بێزار بوو، متمانەی پێکردەوە. ستافی هونەریی تۆخێل بە نهێنی چاودێری تۆنییان لە سعوودیە کردووە. هۆکاری سەرەکیی هێنانی ئەو، باڵابەرزییەکەیەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی ماگوایەر لە تۆپە بەرزەکاندا، جگە لەوەی تۆنی یەکێکە لە باشترین لێدەرەکانی لێدانی سزا لە جیهان.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، تۆخێل لەم هەڵبژاردنە پشتی بە راپۆرتی دەروونناسیی ستافەکەی بەستووە. ئەو یاریزانانەی دەوێت کە 24 کاتژمێر بێ بۆڵەبۆڵ پێکەوە بژین. ستافەکەی تۆخێل تەنانەت بە نهێنی چاودێری رەفتاری یاریزانە یەدەکەکانیان کردووە لە کاتی راهێنانەکانی دوای یارییەکان؛ هەر یاریزانێک کەمترین ناڕەزایەتی دەربڕیبێت، هێڵی سووری بەسەرداهێنراوە.

تۆخێل دەڵێت؛

ئێمە بۆ 7 هەفتە پێکەوە دەبین، پێویستمان بە بونیادنانی برایەتی و وزەیە، نەک کێشە.

کاتێک تۆخێل لە ئۆکتۆبەری 2024 پۆستەکەی وەرگرت، مەرجی یەکەم تەنیا بەدەستهێنانی جامەکە بوو. ئێستا ئەو سەرکێشیی بە ناوی خۆی و پێگەی خۆیەوە کردووە؛ یان دەبێتە پاڵەوان، یان بڕیارە بێبەزەیییەکانی دەبنە گەورەترین پەڵەی رەش لە مێژوویدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button