ئینگلتەراگرنگترین

مەرگی جۆتا شیرازەی لیڤەرپوولی تێکدا؛ رۆبێرتسن نهێنیی نێو ژووری خۆگۆڕینی رێدز ئاشکرا دەکات

رۆبێرتسن راستییە تاڵەکەی پشت شکستەکانی لیڤەرپوول ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئاندرو رۆبێرتسن، بەرگریکار و کاپتنی هەڵبژاردەی سکۆتلاندا ، لە کۆتا چاوپێکەوتنیدا پێش جێهێشتنی ئانفێڵد لەم هەفتەیە، پەردەی لەسەر راستییەکی تەمومژاوی و تراژیدی لادا کە بووە هۆکاری سەرەکیی پاشەکشەی گەورەی ئاستی لیڤەرپوول لەم وەرزە.

رۆبێرتسن کە بە گاڵتەچییەکەی نێو ژووری خۆگۆڕینی سوورپۆشەکان ناسرابوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تێلێگراف بە دەنگێکی خەمناکەوە باسی لەو کارەساتە کرد کە هاوینی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە جۆتا گیانی لەدەستدا؛ ئەم کۆچە کتوپڕە تەواوی پێکهاتەکەی لیڤەرپوولی تووشی شۆکێکی دەروونیی قورس کردبوو.

کەس نەیدەویست راهێنان بکات
 رۆبێرتسن لەبارەی ئەو قۆناخە سەختەوە دەڵێت؛

ئەم وەرزە بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو، بەڵام نامەوێت وەکوو پاساو بەکاریبهێنم. ئەوەی لە هاویندا بەسەر ئێمە هات، هیوادارم بەسەر هیچ تیپ و ستافێکی دیکە نەیەت. بۆ چەندین هەفتە، بە هیچ شێوەیەک باکمان بە تۆپی پێ نەبوو. هیچ کام لە ئێمە نەماندەویست راهێنان بکەین، ئەمە راستییەکە بوو. تەنانەت پزیشکەکانیش کاتێک چارەسەریان بۆ دەکردین، لەبەر خەمباری نەیاندەتوانی کارەکەیان بکەن.

لە یەکەم یاریماندا بەرامبەر بۆرنمس، کاتێک لە خولەکی 20 هاندەران دەستیان بە گوتنەوەی ناوی جۆتا کرد، کاریگەرییەکی دەروونی توندی لەسەرمان دروستکرد و ئاستمان لەو یارییەدا بە تەواوی دابەزی، هەرچەندە بردنەوەمان بەدەستهێنا. دوای ئەوە، وەرزەکەمان پڕ بوو لە ناڕێکی و دابەزین.

ئاندرو رۆبێرتسن لەسەر گۆڕی دیێگۆ جۆتا

بەرگری لە ئەستێرە نوێیەکان و داهاتووی یانەکە
سەبارەت بە رەخنەکان لە ئەستێرە نوێیەکانی وەکوو فلۆریان ڤێرتز و ئالێکساندەر ئیساک، رۆبێرتسن پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕین و گوتی؛

ئەوەی لە تۆپی پێدا بێزارم دەکات ئەوەیە کە یاریزانان تاوانبار دەکرێن بە نرخی گرێبەستەکانیان، لە کاتێکدا ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر بازاڕدا نییە. دڵنیام ئەوان لە داهاتوودا سەرکەوتوو دەبن، تەنیا پێویستیان بە کاتە.

هەروەها ئاشکرای کرد کە حەزی دەکرد بمێنێتەوە، بەڵام یانەکە گرێبەستی نوێی پێشکەش نەکردووە و ئەویش نایەوێت وەکوو یاریزانی یەدەک دانیشێت.

کۆبونەوەی مێژوویی لەگەڵ کلۆپ
رۆبێرتسن بە پێکەنینەوە باسی سەرەتای هاتنی خۆی کرد لە ساڵی 2017 کاتێک یۆرگن کلۆپ بۆ چوار مانگ لەسەر کورسی یەدەک داینابوو؛

ترسابووم! بەڵام رۆژێک چوومە ژوورەکەی و لێم پرسی چی بکەم بۆ ئەوەی یاریی بکەم؟ ئەویش رێنمایی روونی پێدام، لە رۆژی دواترەوە بەڵێنم دا هەموو شتێک جێبەجێ بکەم، ئیدی لەو رۆژەوە من و کلۆپ سەیری دواوەمان نەکردەوە.

رۆبێرتسن کە بە 8.5 ملیۆن پاوەند رووی لە ئانفێڵد کرد، هاوشانی محەمەد سەڵاح، لەم هەفتەیە دوایین یاریی خۆیان بەرامبەر برێنتفۆرد دەکەن و بۆ هەمیشە وەکوو ئەفسانەی رێدز ناویان دەنووسرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button