
یاریگا –
دواجار کاتژمێری کۆتایی لێیدا؛ ئەو ئەفسانەیەی مانچێستەر سیتی گۆڕی بۆ هێزێکی بەردەوامی تۆپی پێی ئینگلتەرا و جیهان، ماڵئاوایی فەرمی راگەیاند.
رۆژی هەینی، یانەی مانچێستەر سیتی بە ڤیدیۆیەکی سێ خولەکی کە گواردیۆلا خۆی دەقەکەی نووسیبوو، رایگەیاند کە کۆتایی بە گەشتە دە ساڵەکەی پێپ هاتووە.
فرمێسکی ماڵئاوایی و پلانی شاراوە
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، پێش ئەوەی ڤیدیۆکە بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە، گواردیۆلا لە ژووری خۆگۆڕین یاریزانەکانی کۆکردەوە و پێکەوە نانی نیوەڕۆیان خوارد. لەوێدا پێپ باسی لەوە کرد کە مانچێستەر سیتی چی دەگەیەنێت بۆ ئەو، ژوورەکە پڕبوو لە فرمێسکی یاریزانان و ستافەکە. هەرچەندە هاندەران هیوایان بە مانەوەی هەبوو چونکە پێپ هەمیشە دەیگوت گرێبەستی هەیە، بەڵام لە راستییدا ئەو لە چەند مانگی رابردووەوە بڕیاری خۆی دابوو کە ئەم وەرزە کۆتا وێستگەی دەبێت بۆ ئەوەی کارەکەی کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر کێبڕکێی نازناوەکان.
یانەکە بۆ رێزلێنان لەم پیاوە، بڕیاریداوە سەکۆیەکی یاریگای ئیتحاد بە ناوی ‘سەکۆی پێپ گواردیۆلا’ بکات و پەیکەرێکیشی بۆ دروستدەکات، هەروەها پێپ لە داهاتوودا دەبێتە باڵیۆزی جیهانیی کۆمەڵەی ‘سیتی فوتبۆڵ گروپ’.
▪️ Manager and staff in tears during emotional lunch
▪️ Script for farewell video written by Guardiola himself
▪️ Xabi Alonso was one of the names considered as replacement
▪️ Chelsea remain furious about how Enzo Maresca element has played outThis is the inside story of Pep… pic.twitter.com/3sPfLAZYPR
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) May 23, 2026

مژدەی مارێسکا؛ جێگرەوەیەک لە قوتابخانەکەی خۆی
کارگێڕیی مان سیتی لە گەڕان بەدوای جێگرەوەدا کاتی بەفیڕۆ نەداوە. هەروەک چۆن ئاشکرا بووە، ئینزۆ مارێسکا، راهێنەری ئیتالی، رێککەوتنی کۆتایی کردووە و تەنانەت دەستی بە پلانەکانی هاوینە لەگەڵ هۆگۆ ڤیانای بەڕێوەبەری وەرزشیی نوێ کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمەریکییەکە ناوی مارێسکا لە ساڵانی رابردووەوە لە مێشکی بەرپرسانی سیتییدا بوو، کاتێک لە تیمی خوار 23 ساڵانی یانەکە کاری دەکرد و فۆڵدەرە تەکنیکییەکانی سەر لاپتۆپەکەی بەرپرسانی سەرسام کردبوو. دواتریش لە وەرزی سێینەکەدا وەکوو یاریدەدەری پێپ کاری کرد و شێوازی کارکردنی بە تەواوی هاوشێوەی گواردیۆلایە.

تووڕەیی چێڵسی لە مارێسکا
پەیوەندیکردنی مارێسکا بە مان سیتییەوە زریانێکی لە لەندەن دروستکردووە؛ یانەی چێڵسی تاوەکوو ئێستاش زۆر تووڕەیە، چونکە مارێسکا لە کۆتایی ساڵی رابردوو دوای وەرگرتنی ئۆفەرەکەی مان سیتی، لە بلووز جیابووەوە، سەرەڕای ئەوەی سێ ساڵ و نیو لە گرێبەستەکەی مابوو. بەرپرسانی چێڵسی پێیان وایە ئەم رۆشتنە لەناکاوەی مارێسکا شیرازەی تیپەکەیانی تێکدا و بووە هۆی ئەوەی لیام رۆسێنیۆری جێگرەوەی نەتوانێت سەرکەوێت بۆ چامپیۆنزلیگ.
ئێستا مارێسکا لە پشوودایە و خەریکی خوێندنەوەی کتێبی تاکتیکی و قسەکردنە لەگەڵ ئەفسانەکانی یاری بالە و باسکە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروونیی گروپەکان.
ئەو دەڵێت؛
گرنگترین شت کە لە پێپ فێربووم، تەنیا تاکتیک نییە، بەڵکوو رۆحیەتی کارکردنەکەیەتی؛ ئەو یەکەم کەس دێتە سەر کار و کۆتا کەس گڵۆپەکانی ئۆفیسەکە دەکوژێنێتەوە.
سیتی دەچێتە قۆناخێکی نوێوە، قۆناخی دوای گواردیۆلا. بەڵام پڵانڕێژییە پڕۆفیشناڵەکەی یانەکە پێسانی دەدات کە ئەوان بۆ ئەم رۆژە ئامادەبوون.



