
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید لە لێواری قۆناخێکی نوێی کارگێڕیدایە و لیژنەی هەڵبژاردنەکانی یانە شاهانەییەکە بە فەرمی و بە کۆدەنگی تەواوی ئەندامانی، داواکاریی خۆبەربژێرکردنەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە پەسند کرد.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لیژنەکە بە وردی پێداچوونەوەی بۆ سەرجەم بەڵگەنامە و پڕۆگرامی هەڵبژاردنی پێرێز کرد کە لەلایەن نوێنەرەکەیەوە پێشکەش کرابوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمی لیژنەی هەڵبژاردنەکان، ئێستا فلۆرێنتینۆ پێرێز بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی بووەتە بەربژێری سەرەکی بۆ سەرۆکایەتی یانەکە. لایەنێکی گرنگی ئەم بەربژێربوونە ئەوەیە کە پێرێز بەگوێرەی ماددەی 40.C.5 لە پەیڕەوی ناوخۆی ریال مەدرید، لە پێشکەشکردنی گرەنتی پێشوەختەی بانکی بەخشراوە، ئەمەش پڕۆسەکەی بۆ ئاسانتر کردووە.
Acta de reunión de la Junta Electoral del Real Madrid.
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) May 23, 2026
یاسای هەڵبژاردنەکانی یانەکە مەرجێکی توند دادەنێت؛ ئەگەر تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو هیچ بەربژێرێکی دیکە بە فەرمی لە دژی پێرێز خۆی ناونووس نەکات و مەرجەکانی بەربژێربوون پڕنەکاتەوە، ئەوا پڕۆسەی هەڵبژاردن بە داخراوی دادەنرێت.
لە ئەگەری نەبوونی رکابەر، کە چاوەڕوانکراوترین سیناریۆیە، سبەی یەکشەممە، لیژنەی هەڵبژاردنەکان بە فەرمی فلۆرێنتینۆ پێرێز وەکوو سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ خولێکی نوێی کارگێڕی رادەگەیەنێت، تاوەکوو بەردەوامی بە پڕۆژە گەورەکانی یانەکە بدات لەسەر ئاستی وەرزشی و ئابووری.



