گرێبەستی لەگەڵ بکەن؛ مۆرینیۆ داوای ناوەڕاستکارێک لە ریال مەدرید دەکات
دانوستانی جۆزێ بەبێ مەرج نابێت

یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ داوای کردووە ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی دیاریکراو واژۆ بکات.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەبێتە بژاردەیەکی واقعی بۆ ریال مەدرید. زۆر بەربژێری دیکە لە مانگەکانی پێشوودا ناویان هاتووە لەوانە یۆرگن کڵۆپ، ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، دیدیێ دێشامپ و لیۆنێل سکالۆنی، بەڵام یەک بە یەک لە کێبڕکێکە دەرچوون.
ئێستا، ئەگەر سوپڕایزێکی گەورە روونەدات، چاوەڕوان دەکرێت مۆرینیۆ بۆ مەدرید بگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی هێشتا هیچ شتێکی فەرمی نییە، زۆربەی میدیا نێودەوڵەتییەکان گەڕانەوەی سپێشەڵ وەن بۆ یاریگای بێرنابیۆ بە دڵنیایی دەبینن.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی ماڵپەڕی کۆپێ، مۆرینیۆ پلانی نییە بێ مەرجی دیاریکراو بگەڕێتەوە، یەکێک لەوانە گرێبەستکردنە لەگەڵ یاریزانێک دیار لەو خولەی راهێنەرایەتی تێدا کردووە. یاریزانەکە مۆرتن یولمان، ناوەڕاستکاری سپۆرتینگە، کە سێ ساڵە لەوێ یاری دەکات و تاوەکوو حوزەیرانی 2028 گرێبەستی هەیە. هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یانەی سپۆرتینگ بەرامبەر دەستبەرداربوون لەو ناوەڕاستکارە داوای نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

دەگوترێت مۆرینیۆ سەرسامە بەو یاریزانە دانیمارکییە و دەیەوێت ریال مەدرید هەوڵی ئەو گرێبەستە بدات ئەگەر، وەکوو چاوەڕوان دەکرێت، فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوا دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، کە خۆی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بانگەوازی بۆ کرد.



