ئیسپانیاگرنگترین

جۆزێ مۆرینیۆ؛ دوایین هیوای ئێندریک بۆ رزگاربوون لە مۆتەکەی بێرنابیۆ

مۆرینیۆ دەبێتە فریادرەسی ئێندریک لە ریال مەدرید؟

Yariga App

یاریگا –

لەم هاوینە بێرنابیۆ تەنیا شایەتی کۆچکردنی ئەستێرە کۆنەکان نابێت، بەڵکوو گەڕانەوەی بەهرەمەندە گەنجەکانیش بەخۆیەوە دەبینێت.

ئێندریک، هێرشبەری لاوی بەڕازیلی، دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لە فەرەنسا، جانتاکانی پێچاوەتەوە و بە فەرمی گەڕاوەتەوە بۆ مەدرید، بەڵام ئەمجارە بە هیوایەکی جیاواز و چاوەڕوانیی بڕیاری پیاوێکی توند؛ جۆزێ مۆرینیۆ.

ئیندریک دوێنێ یەکشەممە بە فەرمی ماڵئاوایی لە یانەی لیۆن کرد، لە یارییەکدا کە بە شکستێکی قورسی 4-0 بەرامبەر لانس کۆتاییهات و خەونی لیۆنی بۆ گەیشتنی راستەوخۆ بۆ چامپیۆنزلیگ لەباربرد. بەڵام بۆ هێرشبەرە بەڕازیلییەکە، گەشتەکەی فەرەنسا تەنیا وێستگەیەک بوو بۆ سەلماندنی تواناکانی.

یاخیبوون لەژێر سێبەری چابی ئاڵۆنسۆ

لەکاتی هاتنیدا بۆ ریال مەدرید وەکوو پڕۆژەیەکی گەورەی داهاتوو، ئێندریک نەیتوانی متمانەی ئاڵۆنسۆ بەدەستبهێنێت. لە نیوەی یەکەمی وەرز، ئاڵۆنسۆ تەنیا لە 3 یارییدا دەرفەتی پێدا، ئەم گۆشەگیرییە تەکنیکییە وای لە یاریزانەکە کرد لە زستاندا روو لە خولی فەرەنسی بکات، بەتایبەت کە ئەمساڵ وەرزی مۆندیالی 2026ـە و بێبەشبوون لە خولەکی یاریکردن بە واتای لەدەستدانی بلیتی گەشتەکەی ئەمریکای باکوور دەهات بۆ پێکهاتەی سەمبا.

 ژمارەکان قسە دەکەن؛ راپۆرتی درەوشانەوە لە لیۆن
سەرەڕای گۆڕینی وڵات، زمان و کلتووری یاریکردن، ئێندریک لە فەرەنسا تەنیا جێگرەوە نەبوو، بەڵکوو بووە کلیلی گۆڕینی یارییەکان لەسەر کورسیی یەدەکەوە. ژمارەکانی لەگەڵ لیۆن سەرنجڕاکێشن؛

  • ژمارەی یارییەکان؛ 21 یاری

  • گۆڵەکان؛ 8 گۆڵ

  • ئەسیست؛ 8 ئەسیست

ئەم کاریگەرییە راستەوخۆیە  پێگەی ئیندریکی لە بازاڕدا بە جێگیری هێشتووەتەوە، کە ئێستا تەمەنی تەنیا 19 ساڵە و بەهای بازاڕییەکەی 35 ملیۆن یۆرۆیە.

 تاقیکردنەوەی مۆرینیۆ؛ دەرفەتی دووەم یان دوورخستنەوەی نوێ؟

ئێستا داهاتووی ئێندریک لەسەر مێزی مۆرینیۆیە، ئەگەر هاتنی سپێشەڵ وەن بۆ بێرنابیۆ بە فەرمی رابگەیەنرێت. مۆرینیۆ بەوە ناسراوە کە حەزی بە هێرشبەری بەهێز، جەستەیی و خێرا هەیە کە لەسەر کورسیی یەدەکەوە بتوانن هاوسەنگی بگۆڕن.

ئێندریک دەیەوێت بەم ژمارانە مۆرینیۆ قایلبکات کە شایستەی دەرفەتی دووەمە لە مەدرید. هەفتەکانی داهاتوو چارەنووسی ئەم لاوە بەڕازیلییە یەکلایی دەکەنەوە؛ ئەگەر مۆرینیۆ گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنێت، مۆندیال دەبێتە سەکۆیەکی گەورە بۆ ئەوەی نرخی ئیندریک لە بازاڕدا بتەقێتەوە و کێبڕکێی ئەستێرە گەورەکانی هێڵی پێشەوەی شاهانەییەکان بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button