
یاریگا –
مارکۆس راشفۆرد، ئەستێرەی ئینگلیزی و پاڵەوانی شەوی کلاسیكۆ، دوای کردنی گۆڵێکی ئەفسانەیی بە لێدانی راستەوخۆ و بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، دەرگای بۆ مانەوە لەگەڵ یانە کاتالوونییەکەی بە کراوەیی جێهێشت.
راشفۆرد کە بە خواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، بووەتە یەکێک لە خۆشەویسترین یاریزانەکانی لای هاندەرانی یانەکە.
دوای یارییەکە، راشفۆرد لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی BBC سەبارەت بە داهاتووی گوتی؛
نازانم لێرە دەمێنمەوە یان نا… بەڵام ئەگەر جادووگەر بوومایە، بێگومان لە بارسێلۆنا دەمامەوە.
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە یاریزانەکە بە شێوەیەکی کاتی لە یانەکەیە، بەڵام ئاستە بەرزەکەی وایکردووە هاندەران داوای کڕینەوەی بکەن.

چیرۆکی گۆڵە مێژووییەکە
راشفۆرد بەم جۆرە باسی گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەی لە کلاسیکۆ دەکات.
سەرەتا نەمدەویست لێدانەکە جێبەجێ بکەم، چونکە گۆشەکەم بەلاوە گونجاو نەبوو، بەڵام هەموو هاوڕێکانم هانیاندام و متمانەیان پێبەخشیم. دواجار بوو بە گۆڵێکی نایاب.
هانزی فلیک لە ئامادەنەبوونی لامین یامال، متمانەی بە راشفۆرد کرد و ئەویش بە باشترین شێوە وەڵامی دایەوە و کۆتایی بە وشکەساڵیی بارسێلۆنا هێنا لە گۆڵکردن لێدانی راستەوخح.
ژمارەکان دەدوێن
راشفۆرد تەنیا گۆڵکاری کلاسیكۆ نەبووە، بەڵکو وەرزێکی ناوازەی بەڕێکردووە؛ لە کۆی 48 یاریی لەم وەرزەدا، 14 گۆڵ و 12 ئەسیستی هەیە. ئەم ژمارانە و کاریگەرییە گەورەی لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا، وایکردووە کارگێڕیی بارسێلۆنا بە جددی بیر لە هێشتنەوەی بکەنەوە بۆ وەرزی داهاتوو.



