مەترسی زیانێکی دوولایەنە لەسەر ئیسپانیا و یانەکەشی؛ نوێترین زانیاریی لەسەر پێکانەی نیکۆ ویلیامز

یاریگا –
نیکۆ ویلیامز لە هەستیارترین کاتی ساڵەکەدا دووچاری پێکان هات و رەنگە چ یانەکەی چ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەر کاریگەرییەکەی بکەون.
ئەمشەو ئاتلێتیک بیڵباو لە گەڕی 35ی لالیگا پێشوازی لە ڤالێنسیا کرد و بە گۆڵێکی بێ وەڵام بە میوانەکەی دۆڕا.
یارییەکە بۆخۆی دێوەزمەیەک بوو بۆ یانە باسکیەکە، ئەوەش بەهۆی تووشبوونی نیکۆ ویلیامز بە پێکان کە بەهۆیەوە لە خولەکی 37 گۆڕانکاریی ناچاریی بۆکرا. لەلایەکش یارییەکەی دۆڕان و بە 44 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەم مایەوە کە لە دەرەوەی هەر ناوچەیەکی بەشداریکردنە لە پاڵەوانێتیە ئەوروپیەکانی وەرزی داهاتوو.
پێکانی نیکۆ لەلایەکیتر زیانێکی کاریگەرە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بەوپێیەی تەنها 32 رۆژی ماوە بۆ یارییەکانی مۆندیال.
ئەگەرچی هێشتا ئاتلێتیک هیچ راگەیاندنێکی فەرمی لەبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئیناکی برای کە لە یارییەکەدا جێگەی گرتەوە، وتی
نیکۆ زۆر دەشەلی. پێشتر ئەو جۆرە ئازارەی نەبووە. مایەی نیگەرانیە لەم چرکەساتەی تێیداین. با هیوای باشترین سیناریۆ بخوازین.
ئەم پێکانەی یاریزانە 23 ساڵیەکە لەکاتێکدایە لەولاشەوە لە بارسێلۆنا لامین یامال پێکراوە و دۆخێکی نیگەرانی لای ماتادۆرەکان دروستکردووە.



