جۆزێ مۆرینیۆ وادەی گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید ئاشکرا دەکات
کەی دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید؟

یاریگا –
ناوی جۆزێ مۆرینیۆ، بەرزترین دەنگە لە نێو یاریگای بێرنابیۆ بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ڕیاڵ مەدرید لە وەرزی داهاتوو و راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە کۆتا لێدوانیدا هێڵە گشتییەکانی داهاتووی خۆی کێشا، بەڵام بە شێوازێکی دیبلۆماسییانە.
“پەیوەندیم بە ڕیاڵ مەدریدەوە نەکردووە”
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاری بێنفیکا و سپۆرتینگ براگا، هەموو جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز رەتکردەوە.
دەمەوێت شتێک روونبکەمەوە؛ هیچ پەیوەندییەکم بە سەرۆک یان هیچ بەڕێوەبەرێکی هیچ یانەیەکەوە نەبووە. تاوەکوو کۆتایی وەرز لەگەڵ کەس قسە ناکەم و هەموو سەرنجم لەسەر بێنفیکایە.

دیاریکردنی کاتی یەکلاییکەرەوە
راهێنەرە پورتوگالییەکە وادەی کۆتایی هاتنی چاوەڕوانییەکانی دیاریکرد و رایگەیاند؛
تاوەکوو دوای کۆتا یاریی خول لە 17ـی ئایار، لەگەڵ کەس دانانیشم. دوای ئەو رێکەوتە، هەفتەیەک کاتم دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر لایەنێک کە بە گونجاوی بزانم، گفتوگۆ بکەم.
مێندێز لە پشت پەردەوە کارەکان تەواو دەکات
سەرەڕای رەتکردنەوەکانی مۆرینیۆ، رۆژنامەی ئاس دووپاتیدەکاتەوە، کە خۆرخێ مێندێش، بریکاری کارەکانی مۆرینیۆ، لە گفتوگۆی چڕدایە لەگەڵ کارگێڕیی ریال مەدرید.
یانە شاهانەکە کە لە سەرەتادا گەڕانەوەی مۆرینیۆی بە مەحاڵ دەزانی، ئێستا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تەنیا ئەو دەتوانێت شکۆ بۆ ژووری خۆگۆڕین بگێڕێتەوە و کۆتایی بە کێشە ناوخۆییەکانی وەکوو شەڕەکەی ڤالدێردی و چوامێنی بهێنێت.



