
یاریگا –
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە کەرخ دۆڕا و راهێنەری تیپەکەش هۆکاری شکستەکە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت.
لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3 _ 1 بە یانەی کەرخ دۆڕا، لەم یارییەدا سێ لێدانی سزا بۆ کەرخ هەژمار کرا کە تیایدا دوو لێدانی سزا گۆڵی پێ تۆمار کرا، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش راهێنەری زاخۆ هۆکاری شکستەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە و دەربارەی شکستەکەیان گووتی:
شکستەکە بە ئازار بوو بۆ ئێمە، لە خولەکەکانی کۆتایی نەمانتوانی کۆنتڕۆڵی یاریگا بکەین، من هۆکاری شکستەکەی ئەم یارییەم و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆم دەگرم، هەرچەندە شکستەکە جارێکی دیکە بەهۆی هەڵە دووبارەکانی یاریزانەکانەوەبوو، ئەم هەڵانەش باجی سێ لێدانی سزای لێکەوتەوە.
شێڕکۆ کەریم، دوای پێکانی بۆ ماوەیەکی درێژ جارێکی دیکە لە رێگای ئەم یارییە گەڕایەوە یارییکردن و لە خولەکی 89 بەشداری یارییەکەی کرد، شێرکۆ دوای یارییەکە گووتی:
لە گێمی دووەم یاریزانەکان تا ڕادەیەک هۆشیان لەدەستدا کە رەنگە بەهۆی ماندوو بوونەوە بێت، یارییەکەمان دۆڕاند بە هۆی هەندێ هەڵەی خۆمانەوە کە پێویستە کاری لەسەر بکەین و چاکی بکەین بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.
زاخۆ بەم شکستە ریزبەندی حەفتەمی لە بەرژەوەندی کەرخ لەدەستدا و بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ هاتە ریزبەندی هەشتەم، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی دیالا دەبێتەوە.



